هۆشداری هانا دەربارەی مەترسی دیپۆرت کردنەوەی ئەندامێکی ئەم رێکخراویە لە تورکیا بۆ ئێران

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە نیگەرانییەکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنێت کە عەبدولڕەحمان (شیرکۆ) عەبدوڵڵاهی پوور ئەندامی ئەم ڕێکخراوە لە تورکیا دەستگیرکراوە و گواستراوەتەوە بۆ ناوەندێکی ڕاگرتنی هاووڵاتییانی بیانی، کە ڕووبەڕووی دیپۆرتکردن دەبنەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی پێشینە و مێژووی چالاکی مافی مرۆڤی عەبدوڵڵاهی پوور و هاوکارییەکانی لەگەڵ هانا، گەڕانەوەی بۆ ئێران دەتوانێت ئەو بخاتە مەترسیی دەستبەسەرکردنی ئەمنی، ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ، دادگاییکردنی تاوانکاری بە تۆمەتی ئەمنی و تەنانەت سزای لەسێدارەدان.

ئەم مەترسییە بە سەرنجدان بە مێژووی هەڕەشە و گوشار خستنە سەر ئەندامانی هانا و ئەو گوشارانەی کە لە نێوخۆی ئێراندا بۆ سەر بنەماڵەی بەشێک لە ئەندامان و چالاکانی پێوەندیدار بەم ڕێکخراوە دەخرێنە سەر، سروشتێکی تایبەت و تاکەکەسی هەیە و ناتوانرێت تەنیا بە هۆی دۆخی گشتی مافی مرۆڤ لە ئێراندا هەژمار بکرێت.

هانا داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات هەر هەوڵێک بۆ ڕاگواستنی عەبدوڵڵاهی پوور بۆ ئێران ڕابگرن و پێش ئەوەی هەر بڕیارێک بدەن هەڵسەنگاندنێکی سەربەخۆ و کاریگەر بۆ مەترسییەکانی تۆماری مافی مرۆڤ و دەرئەنجامە ئەگەرییەکانی گەڕانەوەی ئەنجام بدەن. هەروەها دەبێت گەرەنتی دەستبەجێی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چارەسەری یاسایی کاریگەر بۆ ڕەت کردنەوەی بڕیاری دیپۆرتکردنەوە بدرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هانا، لە هەر بڕیارێک کە ببێتە هۆی گەڕانەوەی عەبدوڵڵاهی پوور بۆ ئێران بەبێ هەڵسەنگاندنی ورد بۆ ئەم مەترسیانە، هۆشداری جیددی دەدات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین