نیگەرانی هانا لە ئەگەری تۆمارکردنی دۆسیەی ئەمنی لە دژی سێ هاووڵاتیی کورد دوای بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەوان، لە کەناڵی تەلەفیزیۆنیی پارێزگای ئیلام

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هانا کەوتوون، یونس بەکری، یاسر هەواسی زادە و ڕوحوڵڵا غوڵامی، سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئاسماناوای سەر بە پارێزگای ئیلام، کە لە ڕۆژانی ٢ و ٣ی خەرمانانی ١٤٠٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە، تا ئێستاش لە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ڕوون سەبارەت بە دۆخ و پرۆسەی دۆسیەکەیان بێبەشن.

دەستگیرکردنی ئەو سێ هاووڵاتییە دوای تێکهەڵچوون لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و ژمارەیەک لە دانیشتووانی ئاسماناوا بووە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، لە کاتی تێکهەڵچوونەکەدا، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان کردووە و ژمارەیەک کەس بە گوللە برینداربوون و دواتر دەستگیرکراون. هەروەها هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەشدار بوون.

بەڵام تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی سەربەخۆ لەبارەی هۆکاری دەستپێکردنی تێکهەڵچوونەکە و ژمارەی کەسانی بەشداربوو و چۆنیەتی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ دانیشتووانی ئاسماناوا لە بەردەستدا نییە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، کەناڵی تەلەفیزیۆنی پارێزگای ئیلام وێنەی یونس بەکری، یاسر حەواسی زادە و ڕوحوڵڵا غولامی لە تەنیشت کۆمەڵێک چەک لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی ڤیدیۆییدا بڵاو کردەوە. لەم بەرنامەیەدا ناوەڕۆک و لێدوانەکانیش بۆ ئەو سێ هاووڵاتییە گەڕێندرانەوە و لە پێوەندی لەگەڵ ئەو چەکانەی نمایشکران و چالاکییە چەکدارییەکان بە بەپرسیار ناسێنران.

بە سەرنجدان بە نادیاری شوێنی ڕاگرتنی ئەو کەسانە و دەستنەگەیشتنیان بە پڕۆسەیەکی ڕوون و سەربەخۆ، هەروەها شێوازی بڵاوکردنەوەی وێنە و لێدوانەکان کە دەگەڕێندرێنەوە بۆیان لە میدیای فەرمیدا، نیگەرانییەکان لە ئەگەری تۆمارکردنی دۆسیەیەکی ئەمنی و دانانی تۆمەتی قورس لە سەر ئەو سێ هاووڵاتییە، زیاتر بووە.

تا کاتی ئامادەکرانی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاری سەبارەت بە تۆمەتی فەرمی و باری دادوەری و شوێنی وردی دەستبەسەرکردنی یونس بەکری، یاسر هەواسی زادە، و ڕوحوڵڵا غوڵامی بڵاو نەکراوەتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین