بە پێ ئەو هەواڵەی بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە ، میڵاد نیلی، کەسێک لە کومەڵگەی پەلکەزێڕینە (LGBTQIA)، لە شاری سنە کوژراوە.
هانا ئەم تاوانە بە توندترین شێوە مەحکووم دەکات و ئەم کردەوەیە بە نیشانەی نگەرانی جدیی لە دۆخ و نەبوونی ئاسایش بۆ سەر کەسانی لە ژیر مەترسیدا دەزانێت.
بەپێی زانیارییەکانی هانا، هێشتا هیچ ڕوونکردنەوێکی باوەڕپێکراو سەبارەت بە چۆنیەتی ڕوودانی ئەم تاوانە ، ناسنامەی تاوانباران، هۆکارەکانی تاوانەکە و پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن بڵاو نەکراوەتەوە. بێدەنگی و نەبوونی بەرچاوڕوونی لەلایەن دەزگا حکومەتیەکانەوە لەم جۆرە دۆسیەدا، بەشێکە لە قەیرانی مافی مرۆڤە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە نەبوونی سزا بۆ تاوانباران زیاتر دەکات.
هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە مافی ژیان، کرامەتی مرۆڤایەتی، ئاسایش و ئەمنییەتی تاکە کەسی و پاراستنی یەکسان لەبەردەم یاسا، مافە بنەڕەتییەکانی هەموو مرۆڤێکن. هیچ کەسێک نابێت بەهۆی ناسنامەی سێکسی، ناسنامەی ڕەگەزی، شێوازی ژیان یان سەر بە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو بوون، ببێتە ئامانجی ڕق، هەڕەشە، توندوتیژی یان لەناوبردن.
بەپێی زانیارییەکان، نیگەرانییەکی جدیی هەیە سەبارەت بە ئەگەری بەشداربوونی گرووپە توندڕەوە سەلەفییەکان لەم کوشتنەدا. هانا بێ ئەوەی پێشداوەری لەسەر بەرپرسیارییەتی تاوانیی تاکەکەسەکان بکات، ئاگادارییەکی جدی لەسەر چالاکیی ئازادانە و توندوتیژانەی ڕەوتە توندڕەوەکان لە کوردستان دەدات. لە بارودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران ،کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکوانانی مافی مرۆڤ، ژنان، گەنجان و کەمینەکان بە توندی سەرکوت دەکات، ئازادیی و جوڵەی گرووپە توندڕەوەکان ناتوانرێت وەک شتێکی ئاسایی یان کەم بایەخ سەیر بکرێت.
بەرپرسیاریی سەرەکیی ئەم دۆخە لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە؛ سیستەمێک کە نەک تەنیا ژیان و کرامەتی هاووڵاتیان ناپارێزێت ، بەڵکو بە ڕێگای سەرکوتی ساختاری، جیاوازی یاسایی، بڵاوکردنەوەی نەفرەت، نەبوونی سزا بۆ توندوتیژی و بایەخ نەدان بە ئاسایش و ئەمنیەتی گرووپە ژێر مەترسیەکان، هۆکاری دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانەش دەبێت.
هانا داوا لە دام و دەزگای پەێوەندیدار دەکات لەسەر کوشتنی میڵاد نیلی لێکۆڵینەوەیەکی خێرا، سەربەخۆ و ڕوون ئەنجام بدەن، ئەنجامەکانی بڵاو بکەنەوە و هەر کەس یان گرووپێک لەم تاوانەدا دەستی هەبووە، بەپێی بنەماکانی دادپەروەریی عادلانە بەدوواداچوونی بۆ بکرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هاوسۆزیی خۆی بۆ بنەماڵە و نزیکانی میڵاد نیلی دەردەبڕێت و دووبارە جەخت دەکاتەوە کە کرامەتی مرۆڤایەتیی کۆمەڵگەی پەلکەزیڕینە دەبێت بێ هیچ مەرجێک بەفەرمی بناسرێت . درێژەی بێدەنگی، نەبوونی سزا و چالاکیی ئازادانەی گرووپە توندڕەوەکان، مەترسیی ڕوودانی توندوتیژیی هاوشێوە زیاتر دەکات و بەرپرسیاریی مافی مرۆڤیی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر دەخاتە ڕوو.
