بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئێوارەی پێنجشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥، بەهۆی تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ئاوایی دەرۆکێی سەر بە شاری مەریوان، منداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵ کوژراوە و باوکی بریندار بووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە هانا لە سەرچاوە خۆجێییەکانەوە دەستی کەوتووە و خەریکی پشتڕاستکردنەوەیانە، هێزەکانی سوپای پاسداران بە گومانی ئامادەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لە خانە باخێکدا لەو ئاواییە، ئەو شوێنەیان داوەتە بەر تەقەی کوێرانە. لە ئاکامی ئەمەشدا، محەمەد حەسەنی گیانی لەدەستداوە و باوکی، ئەحسەن حەسەنی، بە سەختی بریندار بووە.
زانیارییە پێگەیشتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەرمی محەمەد حەسەنی، لەگەڵ ئەحسەن حەسەنی کە لەم ڕووداوەدا بریندار بووە، گوازراونەتەوە بۆ شاری مەریوان. تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچکام لە دامەزراوە بەرپرسیارەکان، لەوانەش سوپای پاسداران، هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان سەبارەت بە هۆکاری تەقەکردنەکە، بنەمای ئەم ئۆپەراسیۆنە و دۆخی تەندروستی ئەحسەن حەسەنی، بڵاو نەکردووەتەوە.
