ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە لە ماوەی ڕۆژانی ١٥ و ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی (٥ و ٦ی ژوئیەی ٢٠٢٦)، لانیکەم چوار شارۆمەندی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی پووشپەڕ، «سابیر عەنایەتی»، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٦ی پووشپەڕ، سێ شارۆمەندی دیکەی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی «کەمال پیرانپوور» تەمەن ٤٣ ساڵ، «مستەفا ئیبراهیمی» تەمەن ٤٠ ساڵ، و «سەردار وەستا ئەحمەدی»، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو ناوەندەی کە دەستبەسەری کردوون، شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی ئەم چوار شارۆمەندە لەبەردەستدا نییە. هەروەها بنەماڵەکانیان تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمییان دەربارەی دۆخ یان شوێنی ڕاگرتنی ئازیزانیان پێ نەگەیشتووە.
بەردەوامیی ڕاگرتنی کەسەکان لە دۆخی بێدەنگیدا، بەبێ ڕاگەیاندنی تۆمەت و بێبەشکردنی بنەماڵەکانیان لە زانیارییە سەرەتایییەکان، مەترسیی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی دەستبەسەرکراوان زیاد دەکات. بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، هەر کەسێکی دەستبەسەرکراو دەبێت لە هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئاگادار بکرێتەوە، مافی دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەری هەبێت و بنەماڵەکەشی لە شوێنی ڕاگرتنی ئاگادار ببنەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای ڕاگەیاندنی دەستبەجێی دۆخی ئەم چوار هاووڵاتییە، زانیاریبەخشین بە بنەماڵەکانیان، ڕەچاوکردنی گەرەنتییە یاسایییەکان لە کاتی دەستبەسەری و دابینکردنی مافی دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەر دەکات.
