دوو شارۆمەندی کوردی خەڵکی بوژنۆرد سزای بەندکران، قامچی و پێبژاردنی جەریمەیان بە سەردا سەپێندرا

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەبولفەزڵ ئەسکەندەریان، تەمەن٢٣ ساڵ و سامان ئەسکەندەریان تەمەن ١٩ ساڵ، دوو شارۆمەندی کوردی کرمانج، خەڵکی بوژنۆرد کە دەبنە کوڕە مامی یەک، لە ئەنجامی پێڕاگەیشتن بە دوو دۆسیەی دادوەری، سزای بەندکران، قامچی و پێبژاردنی جەریمەیان بە سەردا سەپێندراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، لقێکی دادگای شۆڕشی بوژنۆرد بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیزانلو، ئەم دوو شارۆمەندەی بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت و کۆبوونەوەی و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەویی” هەر کامەیانی بە دوو ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران سزاداوە.

هەوەها لە یەک دۆسیەی دیکەدا، لقێکی دادگای کەیفەری شاری بوژنۆرد، بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایش و نەزمی گشتی و سەرپێچی لە بڕیاری هێزەکانی حکومەت لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکدا” سزای ٧٤ قامچی و پێبژاردنی ٢٢ ملیۆن تمەنی بە سەر هەر کامەیاندا سەپاندووە. ئەم حوکمانە لە سەرەتاکانی مانگی پوشپەڕ بەم دوو شارۆمەندە ڕاگەینراوە.

ئەم دوو شارۆمەندە ڕۆژی چواردەی بەفرانباری ١٤٠٤، لە جەریانی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کران. ئەوان دوای ڕاگوێزان بۆ شوێنێکی نادیار چوار ڕۆژی سەرەتای دەستبەسەربوونیان هیچ هەواڵێکیان نەبوو کە دواتر بۆ بەندیخانەی بوژنۆرد ڕاگوێزرابوون.

بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەبولفەزڵ وسامان ئەسکەندەریان لە ماوەی ڕاگیرانیان لە گرتووخانە لە ژێر ئەشکەنجەدا بوون. هەروەها لە سەرجەم ماوەی دەستبەسەریدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون.

ئەم دوو شارۆمەندە لە کۆتاییدا دوای مانگێک دەستبەسەری، لە رێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، بە دادنانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین