بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، هاووڵاتییەک بە ناوی “عەلی شەریفی”، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، لە نزیک گوندی “بیکەڕە”ی سەر بە شاری سەوڵاوا، بەهۆی تەقینەوەی مین بەسەختی بریندار بوو.
بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی هانا، ئەم ڕووداوە لە نزیک بنکەیەکی سەربازیی کۆن و چۆڵکراو ڕووی داوە و لە ئەنجامی ئەم تەقینەوەیەدا، ئۆتۆمبێلەکەی بەڕێز شەریفی بە تەواوی تێکچووە و ناوبراو لە چەندین شوێنی جەستەیەوە تووشی برینی قورس بووە.
ناوبراو دوای ڕووداوەکە، بۆ چارەسەری پزیشکی گواستراوەتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئەم شارە و باری تەندروستیی ناوبراو نالەبار ڕاگەیەندراوە.
