ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی نایاساییی داراییی هاوڵاتییان له کوردستان؛پێشێلکردنی ئاشکرای مافی خاوەندارێتی و دادرەسیی دادپەروەرانە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕاگەیەندراوی سەرۆکی گشتیی دادگستریی پارێزگای
کوردستان سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی ١٩ هاوڵاتیی ئەم پارێزگایە
بە توندی شەرمەزار دەکات و ئەم کارە بە نموونەیەکی بەرچاوی زەوتکردنی هەڕەمەکیی
خاوەندارێتی و سەپاندنی سزا پێش دەرچوونی حوکمی کۆتایی دەزانێت.

بەپێی لێدوانە فەرمییەکانی سەرۆکی گشتیی دادگستریی کوردستان، بۆ ١٩ کەس بە تۆمەتی
هاوکاری لەگەڵ “ڕەوتە نەیارەکان” و ناردنی وێنە و ناوەڕۆک بۆ میدیاکانی وەک
بی‌بی‌سی فارسی، ئێران ئینتەرناشناڵ، دەنگی ئەمریکا، ڕادیۆ فەردا و مەنوتۆ،
دۆسیەی دادوەری دروست کراوە و لە درێژەدا “فەرمانی دادوەریی پێویست بۆ ناسینەوە و
دەستبەسەرداگرتنی دارایییەکانیان” دەرچووە. ناوبراو هەروەها جەختی کردووەتەوە کە
“هیچ جۆرە چاوپۆشییەک بۆ تۆمەتباران لەبەرچاو ناگیرێت”.

ئەم لێدوانانە بە تەنیا نیگەرانیی جیدی دەربارەی پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی
دادرەسیی دادپەروەرانە دروست دەکەن. ئەو کەسانەی ئاماژەیان پێ کراوە هێشتا وەک
“تۆمەتبار” هەژمار دەکرێن و تا ئەو کاتەی تۆمەتەکانیان لە دادگایەکی شیاو، سەربەخۆ
و بێلایەن نەسەلمێندرێت، مافی سوودمەندبوون لە “بنەمای بێتاوانی”یان هەیە. بەڵام
ڕاگەیاندنی گشتیی دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکان و جەختکردنەوەی بەرپرسی دادوەری
لەسەر نەبوونی چاوپۆشی، ئەوە دەردەخات کە سزادانەکە لە کرداردا پێش
لێکۆڵینەوەی کۆتایی و دەرچوونی حوکم دەستی پێ کردووە.

مافی خاوەندارێتی یەکێک لە بنەڕەتیترین مافە ناسراوەکانی سیستەمی نێودەوڵەتیی مافی
مرۆڤە. ماددەی ١٧ی جاڕنامەی گەردونیی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هەر کەسێک مافی
خاوەندارێتی هەیە و نابێت هیچ کەس بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە دارایییەکانی
بێبەش بکرێت. هەروەها ماددەی ١٤ی میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان
جەخت لەسەر مافی دادرەسیی دادپەروەرانە دەکاتەوە. هەر جۆرە سنووردارکردنێک لەسەر
موڵکی کەسەکان دەبێت لەسەر بنەمای زەروورەت، گونجان، شەفافیەت و دەرفەتی ناڕەزایەتی
دەربڕینی ڕاستەقینە بێت.

جگە لەوەش، ماددەی ١٩ی میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان مافی گەڕان،
وەرگرتن و گواستنەوەی زانیاریی بە ڕەسمی ناسیوە. لە کاتێکدا بەرپرسانی دادوەری
بانگەشەی ئەوە دەکەن بەشێک لە تۆمەتی ئەم کەسانە پەیوەندی بە ناردنی وێنە و
ناوەڕۆک بۆ میدیاکانەوە هەیە، هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان دەربارەی ماهییەتی وردی
ئەم کارانە و پەیوەندییان بە هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی نەداوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە دەستبەسەرداگرتن یان زەوتکردنی موڵک و
ماڵی هاوڵاتییان بەبێ ڕەچاوکردنی گەرەنتییەکانی دادرەسیی دادپەروەرانە،
پێشێلکردنی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. هانا
داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە
یەکگرتووەکان دەکات، ڕەوتی فزایندەی زەوتکردنی دارایییەکان لە دۆسیە سیاسی و
ئەمنییەکاندا، بەتایبەت لە کوردستان، بە وردی بخەنە ژێر چاودێرییەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین