بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، مێهران ئیبراهیم زادە، شارۆمەندی تەمەن ٣١ ساڵ، خەڵکی مەهاباد، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
بەپێی ئەم زانیارییانە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بە شێوەی سەرەڕۆیانە چوونەتە شوێنی کارکردنی مێهران ئیبراهیم زادە، کە دوکانێکی ڕۆنگۆڕی ئۆتۆمبێلە و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەریان کردووە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بە سەر کاتی دەستبەسەرکردنی ئەودا، هێشتا هیچ زانیارییەک لە سەر شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی لە بەردەستدا نیە. تا ساتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ڕوون لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی لە بەردەستدا نیە.
