ئاژانسی هەواڵی میزان، سەر بە ناوەندە قەزاییەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، هەواڵی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی حوسێن پێدران، بەندکراوی مەحکوم کراو لە کەیسێکی ئەمنیدا ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیاندنی ناوەندە قەزاییەکان، حوسێن پێدران بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاریی هەواڵگری لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل ،دادگایی کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو. دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئیدیعای کردووە کە ناوبراو زانیاریی دەربارەی ناوەندە سەربازی و مووشەکییەکان لە پارێزگای ئەسفەهان و کارمەندانی ئەو ناوەندانەی خستووەتە بەردەستی مووساد.
بە وتەی ناوەندە قەزاییەکان، سزای لەسێدارەدانی حوسێن پێدران دوای پشتڕاستکردنەوەی لە دیوانی باڵای وڵات جێبەجێ کراوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی سەربەخۆ سەبارەت بە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردن، چۆنیەتیی دەستڕاگەیشتنی حوسێن پێدران بە پارێزەر و شێوازی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی لەبەر دەستدا نییە.
