هاوپەیمانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە بڵاو کردنەوەی بانگەوازێکی هاوبەش داوای مانگرتنی گشتییان لە ٢٥ی خەرمانان کە هاوکاتە لەگەڵ چوارەمین ساڵڕۆژی قتڵی حکومەتی ژینا (مەهسا) ئەمینی کرد.
کوشتنی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئیرشاد لە خەرمانانی ١٤٠٢دا شەپۆلێکی ناڕەزایەتی سەقز و شارەکانی دیکەی کوردستانی لێکەوتەوە کە بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە سەرانسەری ئێراندا بڵاوبووەوە. لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی پەنای بۆ سەرکوتی خوێناویی ناڕازییان برد و شارەکانی کوردستانی کردە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی سەرکوت بە جێگیرکردنی بەربڵاوی هێزی ئەمنی و نیزامی.
مانگرتنی گشتی مێژوویەکی دوور و درێژی لە نەریتی خەباتی بزووتنەوەی کوردیدا هەیە و لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە ئامرازێکی گرنگ بۆ دەربڕینی داواکارییە سیاسی و مەدەنییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان.
ئەزمونی ساڵانی ڕابردووش نیشانی داوە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای دەستبەسەرکردن، هەڕەشە و گوشار بۆ سەر کاسبکاران و تێکۆشەران و بە میلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان، نەیتوانیوە پێش بە مانگرتنی بەربڵاو و هاوئاهەنگ بگرێت.
مانگرتنەکانی دوای قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینی و مانگرتنە بەربڵاوەکانی شارەکانی کوردستان لە ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” درێژەپێدەری ئەم نەریتە سیاسی و مەدەنییەن؛ نەریتێک کە داخستنی بازاڕ و شوێنی کار بۆتە یەکێک لە ڕوونترین شێوەکانی ناڕەزایەتی بەکۆمەڵ لە دژی چەوساندنەوە و جیاکاری و ڕەتکردنەوەی مافە بنەڕەتییەکان.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای پشتیوانی لە مافی مانگرتن و دەربڕینیناڕەزایەتیی بە شێوەی ئاشتیانە، جەخت لەسەر ڕەوایەتیی میتۆدی مەدەنی و دێموکراتیک بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە.
