بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە، بەرەبەیانی یەکشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٥، سزای سێدارەی فەرزاد ئەحمەدپور، بەندکراوی کورد، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی سەقز، لە بەندیخانەی جەیرۆفت جێبەجێ کراوە.
فەرزاد ئەحمەدپور نزیک دوو ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندرابوو.
تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، وردەکاری زیاتر لە سەر پڕۆسەی پێڕاگەیشتنی دادوەری بە دۆسیەکە، لقی دەرکردنی سزاکە و ئەگەری دەستگەیشتنی ئەم بەندکراوە بە پارێزەر و باقی گەرەنتییەکانی دادگایی کردنی دادپەروەرانە لە بەردەستی هانادا نیە.
