دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کەسێک بە ناوی ڕامین ساڵحزادە، لە وتاربێژانی ئایینی لە شاری بانە، کە تیایدا کوردانی ئێزیدی بە زمانی تەکفیری، بێڕێزی و هێرشبەرانە دەکرێنە ئامانج، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەو قسانە بە توندترین شێوە مەحکوم دەکات.
کەڵک وەرگرتن لە زمان و پێگەی ئایینی بۆ تەکفیر و شکاندنی پێکهاتەیەکی مێژوویی، بەتایبەتی کۆمەڵگەی ئێزیدی، کە لە ڕابردووی نەهێندەی دووردا بوونەتە قوربانیی جینۆساید و توندوتیژی ئایینی ڕێکخراو، هێرشێکی ڕوونە بۆ سەر کەرامەتی مرۆیی و هەڕەشەیە بۆ سەر کولتوری پێکەوە ژیان لە کوردستاندا.
ئێزیدییەکان نە بێگانەن لە کوردستان و نە میوانی ئەم خاکەن، بەڵکو بەشێکی ڕەسەن و مێژوویی و دانەبڕاون لە گەلی کورد و شوناسی کوردستان. ئایینی ئێزیدی، یادەوەری مێژوویی، نەریت و کولتوور، یەکێک لە ڕەنگە کۆنەکانی فەرشی چل پارچەی کولتووری کوردی و کوردستانییە. داکۆکیکردن لە بوون و کەرامەتی ئێزیدییەکان، بەرگریکردنە لە ئازادی باوەڕ و لە هەمان کاتدا پاراستنی فرەچەشنی کولتوری و ئایینی کوردستانە؛ هەمەچەشنییەک کە نەهێشتنی هەر بەشێک زیان بە تەواوی ناسنامەی ئەم خاکە دەگەینێت.
هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت ئەم جۆرە گوتارانە هاوتا بکرێت لەگەڵ نەریتی مێژوویی ئیسلامی جەماوەری لە کوردستاندا. ئیسلامی نەریتی کوردستان، بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ نەریتی لە مێژینەی فیقهی شافیعی، سۆفیگەری، حوجرە و سیستەمی مامۆستایەتی لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی هەمەچەشن و فرە ئایینیدا گەشەی کردووە. لە یادەوەری مێژوویی و کۆمەڵایەتی گەلدا، مامۆستای کورد نەک هەر خاوەنی مینبەر نەبووە، بەڵکو لە زۆر قۆناغدا مامۆستا و ناوبژیوانی کۆمەڵایەتی و پەناگەیەک بۆ خەڵک و بەشێک لە کولتوورێکی ئاشتەوایی و لێبوردەیی و پاراستنی کەرامەتی مرۆیی بووە. حوجرەکان و مزگەوتەکانی کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتەوە تا باشور، میراتی نەوەیەکی زانای جەماوەری تێدایە کە پێگەی و ئیعتیباری کۆمەڵایەتیان لەسەر بنەمای میانڕەوی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان و نزیکی لە گەلەوە بوو نەک لەسەر تەکفیر و نکۆڵیکردنی ئەوانی دیکە.
ئەو لێکدانەوەیانەی کە ئایین لە ڕۆحانیەت و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی بەتاڵ دەکەنەوە و دەیکەن بە ئامرازێک بۆ تەکفیر و بڵاوکردنەوەی ڕق و نەهێشتنی ئەویتر، لەگەڵ ئەم میراتە ڕەگداکوتاوەدا ناکۆکن. هیچ کەس، مینبەر و بزووتنەوەیەکی ئایینی مافی ئەوەی نییە پێوەرێکی عەقیدەیی بۆ کوردبوون، مافی ژیان لە کوردستان، یان بەهرەمەندبوون لە کەرامەتی مرۆیی دابنێت. کوردستان ماڵی هاوبەشی هەموو پێکهاتە مێژووییەکانیەتی و هێرشکردنە سەر ئێزیدییەکان هێرشکردنە سەر کولتوری فرەیی و لێبوردەیی و پێکەوە ژیانی ئەم خاکەیە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای مەحکوم کردنی قسەکانی ڕامین ساڵحزادە، بە توندی بەرگری لە کەرامەت، بوون و مافی ئێزیدییەکان دەکات کە بە ئازادی لەگەڵ ناسنامە و بیروباوەڕەکانیاندا بژین و جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاراستنی ئێزیدییەکان پاراستنی خودی کوردستان و هەمەجۆرییە مێژوویی و کولتوورییەکەیەتی.
