دۆزینەوەی تەرمی لەیلا گوڵی دایکی دوو منداڵ ،هاوسەری پێشووی گومانلێکراوی کوشتن بە پاڵنەری نامووسی لە ساین قەڵا

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا،ڕۆژی شەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥،تەرمی لەیلا گوڵی ژنی تەمەن ٣٠ ساڵ و دایکی دوو منداڵی ١٠ و ١٣ ساڵان بە ئاسەواری لێدان و بریندارییەوە لە ژێر پردی وەحدەتی ساین قەڵا لەلایەن شوانێکەوە دۆزراوەتەوە. ناوبراو خەڵکی گوندی مەنبەر سەر بە ساین قەڵا و دانیشتووی ئەم شارە بووە.

بەپێی زانیارییەکانی هانا، هاوسەری پێشووی لەیلا بە ناوی حوسێن وەکوو گۆمانلێکراو بە کوشتنەکە هاتووەتە ئاراوە و ڕاپۆرتە سەرەتایییەکان ئاماژە بە ئەگەری ڕوودانی ئەم تاوانە بە پاڵنەری ئەوەی پێی دەوترێت “نامووس” دەکەن.

لەگەڵ ئەمەشدا، وردەکاریی تەواوی چۆنیەتیی ڕوودانی کوشتنەکە و دۆخی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان هێشتا ڕوون نییە.

کوشتنی ئەگەریی لەیلا گوڵی بە پاڵنەری (نامووس) جارێکی دیکە پرسی توندوتیژی دژی ژنان لە پێوەندییە خێزانییەکان و دوای جیابوونەوە دەخاتەوە بەرباس. هیچ ئیدیعایەک لەسەر بابەتی (نامووس) ناتوانێت ببێتە مۆڵەتێک بۆ سەندنی مافی ژیانی ژنێک.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەسەر پێویستیی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەسەر ئەم کوشتنە،ڕوونکردنەوەی بەرپرسیارێتیی سزایی تۆمەتبار یان تۆمەتبارانی ئەگەری و بەدواداچوونی کاریگەر بۆ توندوتیژی لە سەر بنەمای ڕەگەز دەکاتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین