فەرماندەیی ئینتیزامیی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان هۆشداریی داوەتە ئەو کەسانەی بۆ خزمەتی سەربازی نەچوون کە ئەگەر خۆیان بۆ سەربازی نەناسێنن، ڕووبەڕووی سزای وەک زیادکردنی ماوەی سەربازی و بێبەشبوون لە بەردەوامیی خوێندن، دامەزراندن، چوونەدەرەوە لە وڵات و هەندێک ماف و ئیمتیازی کۆمەڵایەتی دەبنەوە.
ئەم هۆشدارییە لە بارودۆخێکدا دەرچووە کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا نیشانەکانی هەوڵی حکوومەت بۆ زیادکردنی هێزی مرۆیی لە پێکهاتە سەربازی و پاڵپشتییەکاندا دەبینرێت. سوپای پاسدارانیش پێشتر چەندین هەڵمەتی بۆ ڕاکێشانی هێز دەست پێ کردبوو کە بەپێی ڕاپۆرتە بەبەڵگەکراوەکان، مەودای ئەو هەڵمەتانە تەنانەت کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵیشی گرتووەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێی وایە کە توندکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر مشموولانی سەربازیی زۆرەملێ دەبێت لە چوارچێوەی بارودۆخی سەربازیی ئێستادا هەڵبسەنگێندرێت. پەرەسەندنی ئەگەری ململانێکان بۆ ئۆپەراسیۆنی وشکانی، پێویستیی حکوومەت بە سەرباز و هێزەکانی پاراستن و پاڵپشتی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. لەم ڕوانگەیەوە، هەڕەشەکردن لە مشموولان بە بێبەشکردنیان لە مافە کۆمەڵایەتییەکان، دەکرێت بەشێک بێت لە هەوڵەکان بۆ زیادکردن و جێگیرکردنی یەدەگی هێزی مرۆییی هێزە چەکدارەکان.
هانا هەروەها جەخت دەکاتەوە کە بەکارهێنانی مافی خوێندن، کار و ئازادیی چوونەدەرەوە لە وڵات وەک ئامرازی گوشار بۆ ناچارکردنی گەنجان بۆ سەربازیی زۆرەملێ، بەتایبەت لە دۆخی جەنگیدا، نیگەرانیی جیدیی مافی مرۆیی دروست دەکات.
کۆی ئەم هەنگاوانە ئەو ئەگەرە بەهێز دەکەن کە کۆماری ئیسلامی، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی ململانێکان، خەریکی ئامادەکردنی توانای مرۆیی خۆیەتی بۆ سیناریۆ سەربازییە بەرفراوانترەکان و لەوانەش ئەگەری جەنگی وشکانی.
