بەپێی ئەو زانیارییانەی بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە ، فەریدە سەڵەواتی، لە بریندارانی شوڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» لە سنە، ئەمڕۆ، ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥، لە ئاڵمان نەشتەرگەری تایبەتی چاوی بۆ کراوە؛ ئەم نەشتەرگەریە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی بەشێک لە بینایی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی برینەکانی ئەنجام درا.
بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە هانا، فەریدە سەڵەواتی لە کاتی خۆپیشاندانە گشتییەکانی ساڵی ١٤٠١ لە سنە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و بە چەکی ساچمەیی، بیناییی هەردوو چاوی لەدەست داوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا، تائێستاش دەیان ساچمە لە جەستەیدا ماوەتەوە و ئاسەواری جەستەیی و دەروونی ئەم برینانە بەردەوام کاریگەری لەسەر ژیان و تەندروستیی داناوە .
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم نەشتەرگەرییە بە مەبەستی چاککردنەوەی تۆڕی چاو و زیادکردنی ئەگەری گەڕانەوەی بەشێک لە بینایی ئەنجام دراوە. فەریدە سەڵەواتی لە ساڵانی ڕابردوودا، سەرەڕای نابینایی و درێژەی کاریگەریی جەستەیی و دەروونی برینەکانی، بەردەوام جەختی لەسەر دادخوازێ، بەبەڵگە کردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و بەدواداچوونی مافەکانی بریندارانی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» کردووە و بووەتە یەکێک لە دەنگەکانی دادخوازێی قوربانییانی سەرکوت لە ئێران.
ئەم نەشتەرگەرییە هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی بەشێک لە ئازارە قەرەبوونەکراوەکانی کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی نایاسایی چەک دژی خۆپیشاندەرێکی بێ چەک بەسەر فەریدە سەڵەواتی دا هاتووە . بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ، بەرپرسیارێتی ئەم پێشێلکارییە گەورەی مافی مرۆڤە، لە ئەستۆی ئەو کەسانەیە کە ڕاستەوخۆ ئەنجامیان داوە و هەموو ئەو بەرپرسانەش دەگرێتەوە کە لە فەرمان دەرکردن، جێبەجێکردنی سەرکوت و درێژەدانی سزانەدان بۆ ئەو کەسانەی ڕۆڵیان هەبووە. نەبوونی سزا بۆ بکەران، مافی قوربانییان بۆ گەیشتن بە ڕاستی، دادپەروەری و قەرەبوونەوەی کاریگەر پێشێل دەکات و هەلی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە ئەرەخسێنێ.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەسەر پێویستی بە بەرپرسیارکردنی فەرماندەران و ئەنجامدەرانى ئەم پێشێلکارییە گەورەی مافی مرۆڤ، کۆتاییهێنان بە نەبوونی سزا و سەڕەڕویی و دڵنیابوون لە مافی قوربانییان بۆ گەیشتن بە ڕاستی، دادپەروەری و قەرەبوونەوەی تەواو و کاریگەر دەکات.
