ڕاگوێزانی ناوەندە سەربازییەکان بۆ شوێنە مەدەنییەکان لە کوردستان؛ ڕاپۆرتی یاسایی هانا سەبارەت بە مەترسی خستنە سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی

بە پێی لێکۆڵینەوەی مەیدانی و زانیاریی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دوای ئەوەی ژمارەیەک ناوەندی سەربازی، ئینتیزامی و ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا وێرانبوون یان زیانیان پێگەیشت، هێز و کەرەستەی بەشێک لەو دامەزراوانە بۆ شوێنە مەدەنییەکانی سنە و شارەکانی دیکەی کوردستان ڕاگوێزراون.

دۆزینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بە بەکارهێنانی بینای پەروەردەیی، پزیشکی، چاودێری، ئایینی، وەرزشی و بینا گشتیەکان دەکەن. بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی سەرچاوەکان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زانیاری ناتەواو، هانا لەم قۆناغەدا خۆی لە ڕاگەیاندنی ناو و ناونیشانی وردی ناوەندەکان دەپارێزێت. تایبەتمەندییەکانی سەنتەرەکان و دامەزراوە جێگیرکراوەکان و وردەکارییەکانی هەر حاڵەتێک دوای تەواوبوونی پرۆسەی پشتڕاستکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئاسایش بە جیا بڵاودەکرێنەوە.

ململانێی چەکداری ڕاستەوخۆی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، بەبێ گوێدانە نەبوونی ڕاگەیاندنی فەرمی شەڕ، لە ڕوانگەی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییەوە بە ململانێیەکی چەکداری نێودەوڵەتی دادەنرێت. لە دۆخێکی وادا نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت و شوێنە گشتیەکانی تر بە مەرجێک بۆ مەبەستی سەربازی بەکارنەهێنرێن، پارێزراون. گواستنەوەی سەرباز، چەک، کەرەستە، یان چالاکییە فەرماندەیی و ئەمنییەکان بۆ ئەم شوێنانە، دەتوانێت ئەوان و ناوچە نیشتەجێبوونی دەوروبەری بەرەوڕووی هێرش ببنەوە. ئەم جۆرە کارە لەگەڵ ئەرکەکانی لایەنەکانی ململانێدا ناتەبایە بۆ جیاکردنەوەی ئامانجە سەربازییەکان لە دانیشتوانی مەدەنی و گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی کردەیی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی هێرشەکان. حکومەت و فەرماندە سەربازییەکان بۆیان نییە مەترسیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بگوازنەوە بۆ نەخۆش و بەساڵاچووان و خوێندکاران و دانیشتوانی گەڕەکەکان بە مەبەستی پاراستنی هێز و کەرەستەی خۆیان.

بەکارهێنانی سەربازیی دامەزراوە پزیشکی و چاودێرییەکان گرنگییەکی یاسایی دوو هێندەی هەیە. ئەم دامەزراوانە و ئەو کەسانەی تێیدا ئامادەن لە پارێزگارییەکی تایبەتی بەهرەمەندەن و جێگیرکردنی هێزی سەربازی یان کەرەستەی سەربازی لەو جۆرە شوێنانە، جگە لە پەکخستنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، ژیانی ئەو کەسانە دەخاتە مەترسییەوە کە ناتوانن بە خێرایی شوێنەکان چۆڵ بکەن یان خۆیان بپارێزن.

ئەگەر لێکۆڵینەوەی زیاتر دەربخات کە خەڵکی مەدەنی بە ئەنقەست لەم دامەزراوانەدا ڕاگیراون بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان یان بۆ پاراستنی هێز و کەرەستەی سەربازی، ئەوا ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە دەتوانێت بکەوێتە ژێر قەدەغەکردنی بەکارهێنانی قەڵغانی مرۆیی و ئەگەر توخمە یاساییە پێویستەکان جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت تاوانی جەنگ پێکبهێنێت.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای کشانەوەی خێرای سەرجەم هێزە سەربازی، پۆلیس (ئینتیزامی) ، ئەمنییەکان، کەرەستە و چالاکییەکان لە ناوچە مەدەنییەکان دەکات. ئەو فەرماندە و بەرپرسانەی فەرمانی ئەم بڵاوەپێکردنانەیان داوە یان کە ئاگاداریان بوون و نەیانتوانیوە ڕێگری لە بەردەوامی دۆخەکە بکەن، بەرپرسیارن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا بۆ پاراستنی ژیان و تەندروستی هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین