بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی شەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥، حەمید محەمەدزادە، لاوی کوردی خەڵکی ئاوایی بیار سەر بە شاری ئاشخانە لە پارێزگای خۆراسانی باکوور و یەکێک لە پاڵەوانانی ناسراوی زۆرانبازی (کوشتی) چوخە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتەوە سەر ماڵی ئەم شارۆمەندە و بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەریان کردووە. هەروەها تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن دامودەزگا پەیوەندی دارەکان سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو بڵاونەکراوەتەوە.پاش تێپەڕبوونی چەندین ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی حەمید محەمەدزادە، بنەماڵەکەی هێشتا هیچ زانیارییەکی وردیان لە سەر شوێنی ڕاگرتن و دۆخی جەستەیی ئەو نییە و هەوڵەکانیان بۆ زانینی چارەنووسی تا ئێستا ئەنجامێکی نەبووە.
شایانی باسە، ئەم لاوە کوردە، لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.حەمید محەمەدزادە یەکێکە لە کەسایەتیە ناسراوەکانی کوشتی چوخە لە خۆراسانی باکوور.
