ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە «ئەحمەد عەلیزادە»، مامۆستای خانەنشین
و چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئاودانان، لە دۆسیەیەکی نوێدا لەلایەن دادگای شۆڕشی
ئیلامەوە بە بەندکرانی تەعزیری، قەدەغەی چوونەدەرەوە لە وڵات و سزای تەواوکاری
مەحکووم کراوە.
لەسەر بنەمای زانیارییە گەیشتووەکان، حوکمی دەرچوو ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لەلایەن
لقی دادگای شۆڕشی ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر “ڕەجەب محەممەدی” بە شێوەی ئامادەبوو
(حضوری) بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە. ئەحمەد عەلیزادە لەم دۆسیەیەدا بە تۆمەتەکانی
«پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران»، «پڕوپاگەندە بۆ بەرژەوەندیی گرووپە
نەیارەکانی حکوومەت» و «سوکایەتیکردن بە دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی»، سزای
دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەریی بەسەردا
سەپاوە.
بەپێی بڕیاری دادگا، ئەم چالاکە مەدەنییە هەروەها بە ساڵێک قەدەغەی چوونەدەرەوە لە
وڵات، هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرت لە ئەگەری هەبوونیدا، و ئەنجامدانی ١٠٨٠ کاتژمێر
خزمەتگوزاریی گشتیی بێبەرانبەر لە شارەوانیی ئاودانان وەک سزای تەواوکاری مەحکووم
کراوە.
ئەحمەد عەلیزادە پێشتریش لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١دا دوو جار
دەستبەسەر کرابوو و لە پاشهاتیدا بە بڕینی بەشێک لە مووچەکەی سزای خانەنشینکردنی
زۆرەملێی بەسەردا سەپا. ناوبراو لە دۆسیەیەکی دیکەشدا بە تۆمەتەکانی «پڕوپاگەندە
دژی کۆماری ئیسلامی»، «شێواندنی بیروڕای گشتی» و «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە
مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» سزای ٢٧ مانگ بەندکرانی تەعزیری، دوو ساڵ
دوورخستنەوە (تبەید) بۆ شاری فەنوج، دوو ساڵ دوورخستنەوە لە کار و ساڵێک بێبەشکردن
لە چالاکی لە فەزای مەجازیدا مەحکووم کرابوو. جێبەجێکردنی ئەو حوکمە لە تشرینی
دووەمی ١٤٠٢وە دەستی پێ کرد و دوای تەواوبوونی ماوەی بەندکرانەکەی، بۆ جێبەجێکردنی
سزای دوورخستنەوەکەی ڕەوانەی شاری فەنوج کرا.
