ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە
باری جەستەیی و هەروەها دۆخی یاساییی «حاتەم یەکتا»، پەنابەرێکی ئێرانی کە زیاتر لە
سێزدە ساڵە لە وڵاتی پاپوا گینەی نوێ لە دۆخێکی ناڕووندایە، داوای هەنگاوی بەپەلەی
ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و حکوومەتە پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی گیانی ناوبراو
دەکات.
ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای زانیاری، وێنە و گوتەکانی یەکێک لە خزمە نزیکەکانی حاتەم
یەکتا ئامادە کراوە. ئامانج لە بڵاوکردنەوەی، ڕاکێشانی سەرنجی ناوەندە بەرپرسەکانە
بۆ دۆخی مرۆییی کەسێک کە بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ئێستا لە بارودۆخێکی
جەستەییی زۆر خراپدایە و پێویستی بە پاڵپشتی و دەستێوەردانی خێرا هەیە.
حاتەم یەکتا، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پارێزگای ئیلام و لەدایکبووی ٥ی خەرمانانی
١٣٦٧ی هەتاوی (٢٧ی ئۆتی ١٩٨٨)، پێش بەجێهێشتنی ئێران لەگەڵ براکانی یانەیەکی
لەشجوانییان بەڕێوە دەبرد و لە تەندروستییەکی جەستەییی تەواو بەهرەمەند بوو.
ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٣دا بە هیوای گەیشتن بە ئاسایش و داهاتوویەکی باشتر، ڕێگەی
کۆچبەری بۆ ئوسترالیا گرتە بەر. بەڵام بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، هەرگیز
نەگەیشتە خاکی سەرەکیی ئوسترالیا و دوای ڕاگرتنی، بۆ پاپوا گینەی نوێ گواسترایەوە؛
ئەو شوێنەی کە سێزدە ساڵی ڕابردووی تێدا لە دۆخێکی پڕ لە ناڕوونی و بێئومێدیدا
بەسەر بردووە.
بە گوتەی بنەماڵەکەی، زۆرێک لەو کەسانەی کە هاوکات لەگەڵ ئەو لەم پرۆسەیەدا بوون،
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆ وڵاتانی سێیەم گواستراونەتەوە یان دۆخی یاسایییان
یەکلا کراوەتەوە، بەڵام حاتەم هێشتا بەبێ هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتووی لە هەمان
شوێن ماوەتەوە. بنەماڵەکەی هەروەها دەڵێن کە ناوبراو لە تەواوی ئەم ساڵانەدا لە
دەستڕاگەیشتن بە پاڵپشتیی یاساییی کاریگەر بێبەش بووە و دۆخی یاساییی هێشتا
ناڕوونە.
ئەوەی ئەم دۆسیەیەی کردووەتە نیگەرانییەکی جیدیی مافی مرۆیی، تێکچوونی توندی باری
جەستەییی حاتەمە. ئەو وێنانەی ئەم دوایییە کە گەیشتوونەتە هانا، جیاوازییەکی زەق لە
نێوان دۆخی جەستەییی ئەو پێش چوونە دەرەوەی لە ئێران و بارودۆخی ئێستای نیشان
دەدەن. کەسێک کە ساڵانێک وەک وەرزشوانێکی لەشجوانی لە ئامادەیییەکی جەستەییی بەرزدا
بوو، ئێستا بە توندی کێشی دابەزیوە و جەستەی لاواز بووە. بەپێی زانیاریی
بنەماڵەکەی، ناوبراو بەهۆی هەوکردنی (عفونەت) توند لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی پاپوا
گینەی نوێ خەوێندراوە، توانای خواردنی گونجاوی نییە و باری تەندروستیی بە نیشانەی
مەترسی وەسف دەکرێت.
ئەم دۆخە تەنیا قەیرانێکی پزیشکی نییە. کاتێک تێکچوونی تەندروستیی پەنابەرێک لەگەڵ
ساڵانێکی زۆر لە ناڕوونی و نەبوونی ڕێگەچارەیەکی کاریگەر بۆ دیاریکردنی چارەنووسی
تێکەڵ دەبێت، بابەتەکە دەچێتە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و مافی
پەنابەران. مافی ژیان، مافی سوودمەندبوون لە بەرزترین ستانداردی تەندروستی و
پاراستن لە بەرانبەر ڕەفتاری نامرۆڤانە یان سووکایەتیپێکراوانە، لەو مافە
بنەڕەتییانەن کە دەوڵەتان ئەرکدارن بە ڕێزگرتن، پاڵپشتی و گەرەنتی کردنیان بەرانبەر
بەو کەسانەی لەژێر دەسەڵات یان کۆنتڕۆڵی کاریگەری ئەواندان.
ناڕوونیی زیاتر لە سێزدە ساڵ، هاوکات لەگەڵ تێکچوونی توندی باری جەستەیی، ئەم
دۆسیەیە لە بابەتێکی تەنیا کۆچبەری زیاتر دەبات. لە وەها بارودۆخێکدا،
بەرپرسیارێتیی دەوڵەتان تەنیا لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی کۆنتڕۆڵی سنوورەکاندا
کورت نابێتەوە، بەڵکوو گرتنەبەری ڕێکاری کاریگەر بۆ پاراستنی گیان، تەندروستی و
کەرامەتی مرۆیی بەشێکە لە بەڵێننامەکانیان لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان. هەر
بۆیە، دۆخی ئێستا پرسیاری جیدی دەربارەی ڕەچاوکردنی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی
پەیوەندیدار بە مافی ژیان، قەدەغەکردنی ڕەفتاری نامرۆڤانە و مافی دەستڕاگەیشتن بە
چاودێریی پزیشکیی گونجاو دەوروژێنێت. هەر جۆرە دواکەوتنێک لە پێڕاگەییشتن، ئەگەر
ببێتە هۆی زیاتربوونی زیانە جەستەیییەکان یان هەڕەشە لەسەر گیانی ئەم پەنابەرە،
دەکرێت لێکەوتی قەرەبوو نەکراوەی هەبێت.
لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیی پەنابەرانیشەوە، ئەو کەسانەی بەهۆی سیاسەتەکانی
گواستنەوەی فراسەرزەمینی بۆ ساڵانێکی درێژ لە دۆخێکی نادیاردا دەمێننەوە، نابێت لە
پاڵپشتیی کاریگەر، چاودێریی پزیشکیی گونجاو و دەستڕاگەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی
بەردەوام بێبەش بکرێن. بەردەوامیی ئەم دۆخە لەگەڵ ئامانج و فەلسەفەی سیستەمی
نێودەوڵەتیی پاڵپشتی لە پەنابەران ناگونجێت و پێویستی بە پێڕاگەییشتنی خێرای
ناوەندە بەرپرسەکان هەبێت.
داواکارییەکانی ڕێکخراوی هانا:
١. ڕێکخراوی هانا داوا لە کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)
دەکات بە سەرنجدان بە تێکچوونی باری تەندروستیی حاتەم یەکتا، دۆخی پاڵپشتی و
پزیشکیی ناوبراو بەپەلە لێک بداتەوە و گواستنەوەی بۆ ناوەندێکی پزیشکیی تەیار و
یەکلاکردنەوەی دۆخی پەنابەریی بخاتە لە پێشینەی کارەکانی.
٢. ڕێکخراوی هانا هەروەها داوا لە حکوومەتی ئوسترالیا دەکات بە ڕەچاوکردنی
بەڵێنەکانی لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەنگاوی خێرا و کاریگەر بۆ پاراستنی
گیان، تەندروستی و کەرامەتی مرۆییی حاتەم یەکتا بگرێتە بەر و لە هاوکاری لەگەڵ
ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، ڕێگەچارەیەکی بەردەوام بۆ کۆتاییهێنان بە ساڵانێک
ناڕوونیی دۆخی ناوبراو دابین بکات.
٣. ڕێکخراوی هانا داوا لە حکوومەتی پاپوا گینەی نوێ دەکات دەستڕاگەیشتنی بەردەوامی
حاتەم یەکتا بە خزمەتگوزارییە پزیشکییە پسپۆڕییەکان گەرەنتی بکات و هاوکاریی پێویست
لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی گیانی ناوبراو ئەنجام بدات.
دۆسیەی حاتەم یەکتا تەنیا دۆسیەیەکی کۆچبەری نییە. ئەم دۆسیەیە وەبیرهێنانەوەی
ئەوەیە کە تەنانەت لە چوارچێوەی توندترین سیاسەتەکانی کۆچبەریشدا، دەوڵەتان هێشتا
پابەندن بە ڕەچاوکردنی بەڵێنە بنەڕەتییەکانی خۆیان بەرانبەر بە مافی ژیان،
تەندروستی و کەرامەتی مرۆییی کەسەکان. لە ڕوانگەی ڕێکخراوی هانایەوە، بە سەرنجدان
بە خراپیی باری جەستەییی حاتەم، هەر جۆرە دواکەوتنێک لە گرتنەبەری ڕێکارە
پێویستەکان دەکرێت مەترسیی قەرەبوو نەکراوە بۆ گیانی ناوبراو دروست بکات، هەر بۆیە
هەنگاوی خێرای ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و حکوومەتە بەرپرسەکان پێویستییەکی یاسایی و
مرۆیییە.
