دادگای کەیفەریی پارێزگای قوم، «پەرەستوو ئەحمەدی»ی گۆرانیبێژ و هەشت کەس لە ژەنیاران و دەستەی بەڕێوەبەریی «کۆنسێرتی کاروانسەرا»ی بە ٧٤ زەبری قامچیی تەعزیری، دوو ساڵ قەدەغەی چالاکیی هونەری و دوو ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوە لە وڵات مەحکووم کرد.
بەپێی حوکمە دەرچووەکە، تۆمەتی ئەم کەسانە وەک «بریندارکردنی هەستی گشتی لە ڕێگەی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی پێچەوانەی ئەخلاق لە فەزای مەجازیدا» ڕاگەیەندراوە. ئەم دۆسیەیە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی «کۆنسێرتی کاروانسەرا» لە سەرماوەزی ١٤٠٣دا دروست کرا؛ ئەو بەرنامەیەی کە تێیدا پەرەستوو ئەحمەدی بەبێ حیجابی زۆرەملێ گۆرانیی گوتووە. دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیە، بۆ ستافی بەرنامەکە دۆسیەی دادوەری کرایەوە و شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکەش پڵۆم کرا.
دەرکردنی سزای قامچی بۆ چالاکییە هونەری و کولتوورییەکان، یەکێکە لە نموونە نیگەرانکەرەکانی بەکارهێنانی یاسای سزایی بۆ سنووردارکردنی ئازادییە بنەڕەتییەکان. سزای جەستەیی لەوانەش قامچی، لەلایەن ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە وەک ڕەفتارێکی سووکایەتیپێکراوانە و دژ بە کەرامەتی مرۆیی دەناسرێت و ئەمڕۆ لە بەشێکی زۆری سیستەمە یاسایییەکانی جیهاندا جێگەی نەماوە.
هاوکات، بێبەشکردن لە کار و پیشەی هونەری و قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات لە سزایەکی سادەی کەیفەری تێپەڕ دەبێت و بە کردەوە دەبێتە هۆی سنووردارکردنی مافی بەشداری لە ژیانی کولتووری، ئازادیی ڕادەربڕین و چالاکیی پیشەیی. بەکارهێنانی ئەم جۆرە سزایانە دژی هونەرمەندان نیشاندەری بەردەوامیی ئەو ڕوانگەیەیە کە لە جیاتی پاڵپشتی لە ئازادییە کولتووری و هونەرییەکان، ئامرازە سزایییەکان بۆ کۆنتڕۆڵ و سەرکوتی شێوازە ئاشتیخوازانەکانی دەربڕین بەکار دەهێنێت.
ئەم حوکمە لە قۆناغی سەرەتاییدا (بدوی) دەرچووە و بەپێی یاساکانی ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێت ناڕەزایەتی بەرانبەر دەرببڕدرێت و داوای پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
