هێرشی هێزەکانی وەزارتی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵ و شوێنی کاری دکتۆر کۆمار حوسێن‌زادە لە بوکان

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات چەند ڕۆژ پێش هێرشیان کردووتە سەر ماڵ و نۆرینگەی ئاژەڵی دکتۆر کۆمار حوسێن‌زادە خەڵکی بوکان، و پاش پشکنین دەستیان بە سەر کەلوپەلە تایبەتیەکانی دا گروتووە. هەروەها بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەسبەسەرکردنی دا ڕووبەڕووی فشار و هەڵسوکەوتی ئەمنی بوونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی هانا ، تا ئێستا هیچ دەزگایکی دادوەری یان ئەمنی بە فەرمی هۆکار و تۆمەتی دەستبەسەرکردن، یان بنەمای یاسایی بەکارهاتوو دژی دکتۆر کومار حوسێن‌زادە یان ڕانەگەیاندووە. هەروەها تائەم کاتە، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و دۆخی جەستەیی و یاساییی ناوبراو بەردەست نییە.

لە چەند ڕۆژی ڕابڕدوو دا سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ، سەردانی دامەزراوە ئەمنی و دادوەریەکانیان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکی ڕوونیان وەرنەگرتووە. سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان کردووە کە دامەزراوە ئەمنییەکان تەنانەت وڵامی دڵنیایی لە دەستبەسەرکردن یان ڕاگرتنی نادەن؛
بارودۆخێک کە نیگەرانیی جدیی سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ سەروشوێنکردنی زۆرەملێ درووسدەکات.

دکتۆر کۆمار حوسێن‌زادە، تەمەن ۴۰ ساڵ و هاوسەردارە و خاوەنی منداڵێکی هەرزەکارە و سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنەکەیدا، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی ئەو بە بنەماڵە و ڕای گشتی‌ نەدراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەم کردارە بە توندی مەحکووم دەکات. دەستبەسەرکردنی کەسەکان بەبێ بەڵگە و بڕیاری دادگا و ئاشکرانەکردنی تۆمەت، هێرش بۆ سەر ماڵ و شوێنی کار، دەستبەسەرداگرتنی سامان و بێبەشکردنی بنەماڵەکان لە مافی ئاگاداربوون لە چارەنووسی کەسەکانیان ، پێشێلکردنێکی ئاشکرای بنەماکانی دادگایی دادپەروەریانە ، مافی ئازادی و ئاسایشی تاکەسی و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە. بەپێی ماددەی ٩ی ئەم پەیماننامەیە، نابێت هیچ کەسێک بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر یان لە ئازادی بێبەش بکرێت و کەسی دەستبەسەرکراو دەبێت بە خێرایی لە هۆکار و تۆمەتی دەستبەسەرکردن ئاگادار بکرێتەوە.

درێژەی بێ هەواڵی لە چارەنووسی دکتۆر کۆمار حوسێن‌زادە و وڵام نەدانەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن و دۆخی جەستەیی ، نموونەیەکی نیگەرانکەرە لەو کردارانەی کە لە دەرەوی یاسادا ،دامەزراوە ئەمنییەکان ساڵانێکە لە کوردستان بەکاری دەبەن و لە نەبوونی سزا بۆ ئەنجامدەرانیان درێژەی هەیە .

ئەم جۆرە کردارە جگە لە پێشێلکردنی مافی بنەڕەتیی تاکەکان، بنەماڵەکانیش لە بارودۆخی نیگەرانی، نادیاری و ئازاری بەردەوامدا دەهێڵێتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە بەرپرسیاریی ڕاستەوخۆی پاراستنی ژیان، تەندروستیی جەستەیی و دەروونی و مافە یاسایییەکانی دکتۆر کۆمار حوسێن‌زادە لە ئەستۆی دامەزراوە ئەمنییەکان و دەسەڵاتە.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی گشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و دادستانی بۆکان بەرپرسیاریی یاساییی ڕاستەوخۆیان لە بەرامبەر دۆخ، ئاسایش و تەندروستیی ناوبراو هەیە و دەبێت وەڵامدەر بن بە ڕاگەیاندنی خێرای شوێنی ڕاگرتن، دۆخی یاسایی و دڵنیابوون لە دەستگەیشتنی بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین