بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەمیرحوسێن ڕوستەمی، لاوێکی کوردی ٢٠ ساڵە خەڵکی شەباب لە پارێزگای ئیلام، ڕۆژی ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هانا، هێزە ئەمنییەکان بێ بەڵگە و بڕیاری دادگا دەستبەسەریان کردووە و پاش تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ لە دەستبەسەرکردن، هێشتا لە مافی پەیوەندی و چاوپێکەوتنی بنەماڵە و دەستگێشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە و خێزانەکەشی هیچ هەواڵێکیان لە شوێنی ڕاگرتن و دۆخی جەستەیی ناوبراو نیە.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ کام لە دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکان ڕوونکردنەوەیان سەبارەت بە هۆکار و تۆمەتی دەستبەسەرکردن، لایەنی دەستبەسەرکەر و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە نەداوە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەشی هەتا ئێستا بێ ئەنجام ماونەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە دەستبەسەرکردن بێ بەڵگە و بڕیاری دادگا، ڕانەگەیاندنی شوێنی ڕاگرتن، بێبەشکردنی کەسی دەستبەسەرکراو لە مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر و ڕێگری لە پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی، دژ بە بنەماکانی دادپەروەریی و پاراستنی یاساکانی ناوخۆ و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە مافی ئازادی و ئەمنییەتی تاکەسی و مافی بەرگرییە. درێژەی بە هەواڵی و نەبوونی زانیاری لە دۆخی ئەمیرحوسێن ڕوستەمی و وەڵامنەدانەوەی دامەزراوە بەرپرسیارەکان، نیگەرانییەکی جدی سەبارەت بە دۆخی یاسایی و تەندروستیی ئەو ساز کردووە. هانا داوای ڕاگەیاندنی خێرای شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە، ڕوونبوونەوەی بنەمای یاسایی دەستبەسەرکردن، دڵنیابوون لە دەستگەیشتنی بە پارێزەر و پەێوەندی لە گەڵ بنەماڵەکەی و ڕەچاوکردنی تەواوی مافە یاسایییەکانی لە هەموو قۆناغەکانی دادگایی دا دەکات.
