دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتی لە شنۆ و بەردەوامیی بێخەبەری لە دۆخیان

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی فەرهاد ئیبراهیم‌زادە، قادر باریکی و جەعفەر باریکی، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

​بەپێی ئەو زانیارییانەی کە گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بنەماڵەی ئەم کەسانە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی ئەوان بەدەست بهێنن. هەروەها دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئەگەرییەکان یان شوێنی گواستنەوەی ئەم هاووڵاتییانە نەداوە.

​فەرهاد ئیبراهیم‌زادە خەڵکی گوندی «کانی‌ڕەش»ە و قادر و جەعفەر باریکی، دوو بران و خەڵکی گوندی «قەڵاتیان»ی سەر بە شارستانی شنۆن.

​بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان، ئەم سێ هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندیگرتن یان چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەیان بێبەش کراون، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەسەر دۆخی ئەوان زیاتر کردووە.

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاوکات لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە بەردەوامیی بێخەبەری لە دۆخی ئەم هاووڵاتییانە، جەخت دەکاتەوە کە ڕاگرتنی کەسانی دەستبەسەرکراو لە دۆخێکدا کە بنەماڵەکانیان لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان بێئاگان و دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەریش بۆیان دابین نەکراوە، لەگەڵ بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانی کەسانی دەستبەسەرکراو ناکۆکە. بەردەوامیی دۆخێکی لەو شێوەیە دەکرێت ڕێگە خۆش کات بۆ دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و پێشێلکردنی زیاتری مافەکانی ئەو کەسانە لە ماوەی دەستبەسەریدا.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین