بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵیی «میزان»ی سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥، سزای سێدارەی هاووڵاتییەک بە ناوی «موجتەبا کیان» بە تۆمەتی «ناردنی زانیاریی پەیوەندیدار بە پیشەسازیی بەرگریی وڵات» بۆ میدیا فارسیزمانەکانی دەرەوەی ئێران، جێبەجێ کرا.
لە ڕاپۆرتەکەدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە ناوبراو لە یەکێک لەو پەیامانەی ناردوویەتی، بە کەسێکی گوتووە: «ئەم بابەتە بە بی-بی بڵێ». هەروەها ئاژانسی میزان ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە بەڵگەکانی دەرچوونی سزای سێدارە بۆ موجتەبا کیان، «دانپێدانانی ڕاشکاوانە»ی ناوبراو بووە لە کاتی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندا.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هیچ وردەکارییەکی سەربەخۆ دەربارەی پرۆسەی دادگاییکردن، چۆنیەتیی دەستڕاگەیشتنی تۆمەتبار بە پارێزەر، جۆری دادگاییکردن و مەرجەکانی وەرگرتنی دانپێدانانەکان بڵاو نەکراوەتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی دەزگای دادوەری، لە کاتی دەستبەسەرکرانی موجتەبا کیان تا کاتی جێبەجێکردنی سزای سێدارەکەی، کەمتر لە ٥٠ ڕۆژ بووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە پشتبەستن بە دانپێدانان لە دۆسیە ئەمنییەکاندا، بەتایبەت لە بارودۆخێکدا کە شەفافیەتی دادوەری نییە و مافی بەرگریی تۆمەتبار سنووردار کراوە، دژایەتییەکی ئاشکرای لەگەڵ بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری مافی ژیاندا هەیە. هانا هەروەها نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە زیادبوونی ڕێژەی جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە دۆسیە ئەمنی و سیاسییەکان و بەکارهێنانی سزای مردن وەک ئامرازێکی سەرکوت لە کەشێکی ئەمنیی ئاوادا دەردەبڕێت.
