کوژرانی دوو سووتەمەنیبەری بەلووچ لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان لە تەوەرەی زاهیدان – تەھلاب

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی (١٤ی مەی ٢٠٢٦)، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی سووتەمەنیبەر لە تەوەرەی زاهیدان – تەھلاب، لە سنووری شاری میرجاوە، لانیکەم دوو هاووڵاتیی بەلووچ گیانیان لەدەست دا.
ڕاپۆرتە گەیشتووەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە سەربازییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و فەرمانی ڕاوەستان (ایست)، ئۆتۆمبێلی ئەم سووتەمەنیبەرانەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە گڕی گرتووە. سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە بەهۆی قورسیی ئاگرەکە و گیرخواردن لە نێو کڵپەی ئاگردا، گیانیان لەدەست داوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی ئەم دوو هاووڵاتییە بەلووچە پشتڕاست نەکراوەتەوە. سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئاستی ئاگرەکە هێندە بەهێز بووە کە دەرفەتی فریاگوزاری و ڕزگارکردنی سەرنشینەکان لە شوێنی ڕووداوەکە نەبووە.
نەبوونی هەلی کاری بەردەوام، هەژاریی بەرفراوان و جیاکاریی سیستماتیک لە سیستان و بەلووچستان، هاووڵاتییانی ئەم ناوچەیەی ناچار بە کاری مەترسیداری سووتەمەنیبەری کردووە؛ چالاکییەک کە ساڵانە دەبێتە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان کەس بەهۆی تەقەی بێسەروبەری هێزە سەربازییەکان یان ڕووداوەکانی هاتووچۆ.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە تەقەکردن لە هاووڵاتییان بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێکارە یاسایییەکان و بنەمای «گونجان» لە بەکارهێنانی چەکدا، پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیانە. بەردەوامیی پارێزبەندیی دادوەری (مصونیت قضایی) بۆ ئەنجامدەرانی ئەم ڕووداوانە و وەڵامنەدانەوەی ناوەندە پێوەندیدارەکان، بووەتە هۆی ئەوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران ببێتە ڕەفتارێکی سیستماتیک.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین