بە پێ ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا؛ شەوی دووشەممە ٢١ی گولانی ١٤٠٥، هێزە ئەمنیەتیەکان بە هەڵکووتانە سەر ماڵی «ئەستی محەممەدی»هاووڵاتیی ٦٧ ساڵە و دایکی دوو چالاکی سیاسیی کورد لە بوکان ، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەم دەستبەسەرکردنە بێ بڕیاری دادگا و سەرەڕۆێانەبووە. تا ئێستا هیچ زانیارییەکی باوەڕپێکراو سەبارەت بە شوێنی راگرتن، باری تەندرووستی، دەستگەیشتن بە دەرمان و چاودێریی پزیشکی، یان هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراو لەبەردەست نییە.
ئەستی محەممەدی تووشی نەخۆشیی بنەڕەتییە و پێویستی بە چاودێریی پزیشکیی بەردەوام و دەست گێشتن بە دەرمانە. بەردەوام بوونی دەستبەسەری و بێئاگابوون لە باری تەندرووستی ئەم هاوڵاتیە بەتمەنە و ئەگەری دەست نەگێشتنی بە چارەسەرییە پێویستەکان، نیگەرانییەکی جدی سەبارەت بە دۆخی تەندرووستی و پاراستنی ژیانی درووست کردووە.
دەستبەسەرکردنی کەسوکار و ئەندامانی خێزانی چالاکانی سیاسی، بە تۆمەتی ناڕوون، بێ بەڵگە و بڕیاری دادگا و لە دەرەوەی چوارچێوە یاسایەکان ، تەنانەت بە پێی یاسای ناوخۆ و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە، پێشێلکردنی مافی بەرپرسیاریتی تاکەکەسی تاوان و مافی ئازادی،و پاراستنی تاکەکان لە بەرامبەر دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەیە. لە ساڵانی ڕابردوودا، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار ئاگاداریان داوە سەبارەت بە بەکارهێنانی فشار لەسەر ئەندامانی خێزانی چالاکانی مەدەنی و سیاسی بە ئامانجی ترساندن، دروستکردنی فشارێکی دەروونی و سنووردارکردنی چالاکییە ئاشتیخوازانەکان.
هەروەها، بەپێی بنەماکانی دادگایی دادپەروەرانە و پێوەرە سەرەتاییەکانی مافی مرۆڤ، بێبەشکردنی کەسانی دەستبەسەرکراو، بە تایبەتی پیران و کەسانێ کە نەخۆشیی بنەڕەتیان هەیە، لە دەستگەیشتن بە چاودێریی پزیشکیی، پەیوەندی لەگەڵ خێزان و مافە یاسایییەکان، دەتوانێت نموونەیەک لە هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان بێت
