بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، پاش تێپەڕبوونی چەندین هەفتە لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەک بە ناوی «عەلی بۆژنە»، تەمەن ٦٥ ساڵ، خەڵکی شارستانی میرئاوا سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، هێشتا چارەنووس و شوێنی راگرتنی نادیارە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ناوبراو، تا ئێستا لەلایەن دەزگا دادوەرییەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە شارەکانی میرئاوا و سەردەشت، هیچ زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکان و باری تەندروستیی ئەو نەدراوە بە خێزانەکەی.
جێگای ئاماژەیە کە عەلی بۆژنە، دانیشتووی گوندی ساوان سەر بە شارستانی میرئاوا، لە پاش ڕوودانی شەڕی ناونراو بە «شەڕی ٤٠ ڕۆژە» لەنێوان ئێران، ئەمیرکا و ئیسرائیل، لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
