گواستنەوەی بەپەلەی نەرگس محەمەدی بۆ بەشی CCU؛ بەردەوامیی کۆسپ دروستکردنی دەزگای دادوەری سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی خراپیی دۆخی تەندروستی لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە

گواستنەوەی بەپەلەی نەرگس محەمەدی بۆ بەشی CCU؛ بەردەوامیی کۆسپ دروستکردنی دەزگای دادوەری سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی خراپیی دۆخی تەندروستی لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە

​هانا: نەرگس محەمەدی، چالاکی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لە دوای تێکچوونی توندی باری تەندروستی و لەدەستدانی هۆشیاری لە زیندانی زنجان، لەژێر رێوشوێنی توندی ئەمنیدا بۆ بەشی چاودێریی ورد (CCU) گواسترایەوە.

​بەپێی ئەو هەواڵانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی هەینی ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٥ (١ی مەی ٢٠٢٦)، نەرگس محەمەدی کە ماوەی سزاکەی لە زیندانی زنجان بەسەر دەبات، بەهۆی ناجێگیریی توندی پەستانی خوێن و دروستبوونی ئازاری توندی دڵ، بێهۆش بووە. لە دوای ئەم بارودۆخە قەیراناوییە، بە پێداگریی پزیشکی پسپۆڕ، بە شێوەیەکی بەپەلە لە زیندانەوە بۆ ناوەندێکی چارەسەری دەرەوەی زیندان گواستراوەتەوە و لە بەشی چاودێریی ورد خەوێنراوە.
​مستەفا نیلی، پارێزەری خانم محەمەدی، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای دۆخی نالەباری ئەم زیندانییە سیاسییە، بەرپرسانی دادوەری هێشتا لە پرۆسەی چارەسەرکردنیدا بەردەوامن لە کۆسپ دروستکردن. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆمیسیۆنی پزیشکی دادوەریی پارێزگای زنجان بە ڕاشکاوی جەختی لەسەر پێویستیی «ڕاگرتنی یەک مانگەی جێبەجێکردنی حوکمەکە» کردووەتەوە بۆ بەدواداچوونی قۆناغەکانی چارەسەر؛ کەچی داواکاری گشتیی زنجان بە شێوازێکی نایاسایی، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەی بەستووەتەوە بە وەرگرتنی ڕەزامەندی لە داواکاری گشتیی تاران.

​سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی ئەم چالاکە مافی مرۆڤە بە «هانا»یان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا لانی کەم دوو جار هۆشیاریی خۆی بەتەواوی لەدەستداوە و دۆخەکەی بە «زۆر مەترسیدار» وەسف کراوە. شایانی باسە کە خانم محەمەدی پێشتر لە چوارەمی خاکەلێوەی ئەمساڵیشدا تووشی جەڵتەی دڵ ببوو، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٣٠ ڕۆژ بەسەر بەندکردنەوەی، لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێریی پزیشکیی بەردەوام بێبەش کراوە.
​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، وێڕای هۆشداریدان سەبارەت بە سەلامەتیی گیانی خانم محەمەدی، بەرپرسیارێتی هەر جۆرە زیانێکی ئەگەری دەخاتە ئەستۆی دەزگای دادوەری و دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی. ڕێگری کردن لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەی پزیشکی دادوەری بۆ ڕاگرتنی حوکمەکە، بە نموونەیەکی ئاشکرای ئەشکەنجەی سیستماتیک و پێشێلکردنی ڕوونی کۆنفرانسی نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دادەنرێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین