کەڵک وەرگرتن لە سێدارە وەک ئامرازێکی تۆڵەسەندنەوە، تۆقاندن و سەرکوتی سیاسی
بەپێی ڕاپۆرتەکان کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هانا” گەیشتوون، سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە و یەعقووب کەریمپوور، دوو بەندکراوی سیاسیی ناو گرتوخانەی ناوەندیی ورمێ، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە جێبەجێ کرا. ئاژانسی هەواڵی “میزان”ی سەر بە دەزگای دادوەری، بەڕێوەچوونی سزای سێدارەی ئەم دوو بەندکراوەی بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” ڕاگەیاندووە.
جێبەجێکردنی ئەم سزایانە لە کاتێکدایە کە ئەم دوو بەندکراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە بەندەکانی خۆیان براونەتە دەرەوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابوونەوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتر سەبارەت بەم گواستنەوەیە و بێدەنگەیی لە چارەنووسیان و مەترسیی لەسێدارەدانی کتوپڕی ئەوان هۆشداریی دابوو.
یەعقووب کەریمپوور، تەمەن ٤١ ساڵ، دەرچووی بەشی یاسای گشتی، خەڵکی میاندواو، لە هاووڵاتییانی تورک و پەیڕەوی ئایینی یارسان بوو. ناوبراو لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل دەستبەسەر کرا و لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “ئەفساد فیالارز لە ڕێگەی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” سزای سێدارەی بەسەردا سەپا. ئەم سزایە مانگی ڕابردوو لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.
ناسر بەکرزادە، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی ورمێ، دوای دەستبەسەرکرانی لە بەفرانباری ١٤٠٢دا، ماوەیەک لە زیندانی ئیتلاعاتی سوپای ورمێ لەژێر لێپرسینەوەدا بوو. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەکەی، لە ماوەی دەستبەسەری و لێپرسینەوەدا لە مافە سەرەتایییەکانی خۆی، وهک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی بەردەوام و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەش کراوە.
دۆسیەی ناسر بەکرزادە پێشتر لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشابووەوە. لە دۆسیەیەکدا کە سزاکەی کوشتن و لەناوبردنە، هەڵوەشاندنەوەی حوکم دەبێ ببێتە هۆی پێداچوونەوەی دووبارە و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، بەڵام دەرکردن و پشتڕاستکردنەوەی دووبارەی سزای سێدارە لە ڕەوتێکی نادیار و پڕ لە پەلەپەلدا، نیشان دەدات کە ئەم دۆسیەیە لە چوارچێوەی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەدا نەبووە.
بەپێی زانیارییەکانی هانا، ڕۆژی شەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥، ناسر بەکرزادە بانگ کراوەتە نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی گرتوخانەی ورمێ و پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەکەی لە دیوانی باڵا پێ ڕاگەیەندراوە. دەگوترێ بەرپرسی جێبەجێکردنی سزاکان هەڕەشەی جێبەجێکردنی خێرای سێدارەکەی لێ کردووە و دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی بەکرزادە، سوکایەتیی پێ کراوە و لێی دراوە.
هەروەها، پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە تەنیا نزیکەی ١٠ ڕۆژ دوای ناردنی دۆسیەکە بۆ دیوانی باڵای وڵات ئەنجام دراوە. ئەم جۆرە پەلەپەلە لە دۆسیەیەکدا کە کۆتایییەکەی بە سزای سەندنەوەی ژیان دەگات و پێشتریش سزاکەی هەڵوەشاوەتەوە، لەگەڵ هیچ پێوەرێکی جیدیی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، پێداچوونەوەی کاریگەر و چاودێریی دادوەریی سەربەخۆ ناگونجێت. لەو دۆسیانەی کە دەبنە هۆی سێدارە، هەر چەشنە تەمومژێک لە بەڵگەکان، بێبەشکردن لە پارێزەری سەربەخۆ، گوشاری ئەمنی، نەبوونی دەرفەتی بەرگریی کاریگەر، بێدەنگەیی و بێخەبەریی بنەماڵە و گواستنەوەی بەندکراو بۆ شوێنی نادیار، جێبەجێکردنی سزا لە بنەڕەتەوە بە نایاسایی و نادەستووری و نموونەی سەندنەوەی خۆسەرانەی مافی ژیان دادەنرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە و یەعقووب کەریمپوور بە توندی سەرکۆنە دەکات و ئەوە بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیان، بنەما سەرەتایییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و کەرامەتی مرۆیی دەزانێت. بەپێی ماددەی ٦ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، مافی ژیان مافێکی زاتی و بنەڕەتییە و نابێ هیچ کەسێک بە شێوەیەکی خۆسەرانە لەو مافە بێبەش بکرێت. هەروەها، ماددەی ١٤ی هەمان پەیماننامە جەخت لەسەر مافی بەهرەمەندبوون لە دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە، ئاشکرا، سەربەخۆ و لەگەڵ بوونی گەرەنتییەکانی بەرگریکردن دەکاتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەست بووە بەم پەیماننامەیه و لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە ئەرکدارە بە ڕەچاوکردنی.
لە ڕوانگەی هاناوە، ئەم جۆرە سێدارەدانانە لە بنەڕەتدا بە هیچ پێوەرێکی باوەڕپێکراوی یاسایی، دادوەری یان مرۆیی پاساو نادرێن و ناتوانرێت وەک جێبەجێکردنی دادپەروەری ناوزەد بکرێن. ئەم لەسێدارەدانانە ئەنجامی پرۆسەیەکی دادوەریی سەربەخۆ نین، بەڵکوو بەکارهێنانی ڕێکخراوەییی مەرگن وەک ئامرازێکی دەسەڵات بۆ تۆڵەسەندنەوەی سیاسی، دروستکردنی ترس و تۆقاندنی گشتی و سەپاندنی بێدەنگی بەسەر کۆمەڵگەدا.
هانا جەخت دەکاتەوە کە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەت لە دۆسیە ئەمنییەکاندا، ناونیشانی گشتی و قورسی وەک «سیخوڕی» و «ئەفساد فیالارز» وەک پۆششێکی یاسایی بۆ سڕینەوەی فیزیکیی تۆمەتباران، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و بەرهەمهێنانی ترسی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنێت. جێبەجێکردنی پەلەپەلی ئەم دوو سزایە دوای گواستنەوەی بەندکراوەکان بۆ شوێنی نادیار، بێبەشکردن لە گەرەنتییەکانی بەرگریکردن و تەمومژی جیدی لە ڕەوتی پێداچوونەوەدا، جارێکی تر ئەوە نیشان دەداتەوە کە دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی نەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری، بەڵکوو بەشێکە لە مەکینەی سەرکوت و تۆقاندنی حکوومەتی.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەسەر ئەو بڕوایەیە کە جێبەجێکردنی ئەم سزایانە لە کەشوهەوای دوای شەڕ و لە نێو نیگەرانییەکانی دەسەڵات لە پەرەسەندنی تووڕەیی گشتی، مانایەکی قووڵتری لە دوو دۆسیەی تاکەکەسی هەیە. ئەم لەسێدارەدانانە پەیامێکی هەڕەشەئامێزن بۆ ناو کۆمەڵگە؛ پەیامێک بۆ دروستکردنی ترس، خامۆشکردنی ناڕەزایەتییە ئەگەرییەکان و بونیادنانەوەی ئەو دەسەڵات و شکۆیە تێکشکاوەی حکوومەت لە ڕێگەی توندوتیژیی دادوەرییەوە. کاتێک حکوومەت توانای وەڵامدانەوەی یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ناڕەزایەتییە گشتییەکانی نامێنێت، پەنا بۆ سێدارە، بەندیخانە، تۆمەتی ئەمنی و سەرکوتی ڕووت دەبات.
