یەکی مانگی مەی لە ئێران: کرێکار لە نێوان شەڕ، هەژاری و سەرکوتدا
بە بۆنەی یەکی مانگی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە داڕووخانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی مافی بنەڕەتیی کار لە ئێران ڕادەگەیەنێت. لە کۆماری ئیسلامیدا، کرێکار تەنیا لەگەڵ هەژاری، هەڵاوسان، دەرکردن، نا ئەمنی بژێوی، دواکەوتنی حەقدەست و نەبوونی پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕوو نییە؛ بەڵکوو هەر کاتێک بۆ حەقدەست، ئەمنییەتی پیشەیی، ڕێکخراوی سەربەخۆ یان ناڕەزایەتیی پیشەیی داوای مافەکانی دەکات، بە لۆژیکی ئەمنی، دۆسیە بۆ دروستکردن، دەستبەسەرکردن و سەرکوت وەڵام دەدرێتەوە.
هانا جەخت دەکاتەوە کە دۆخی ئێستای کرێکاران لە ئێران تەنیا دەرەنجامی قەیرانی ئابووری، شەڕ یان لێکەوتەکانی ئاگربەستێکی لەرزۆک نییە. ئەم دۆخە بەرهەمی پێکهاتەی حکوومەتێکە کە مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ، وتووێژی بەکۆمەڵ و ناڕەزایەتیی پیشەیی وەک هەڕەشە بۆ سەر مانەوەی سیاسیی خۆی دەبینێت. لە پێکهاتەیەکی وەهادا، کرێکار لە پێگەی خاوەن مافەوە بۆ بابەتێکی کۆنتڕۆڵی ئەمنی کەم دەکرێتەوە و داواکارییە سەرەتاییەکانی، لەوانە پێدانی مووچەی دواکەوتوو، ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەرکردن، سەلامەتیی ژینگەی کار و دامەزراندنی سەندیکای سەربەخۆ، دەکرێنە دۆسیەی ئەمنی.
لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، مافی کارکردن، ماف لەسەر مەرجی دادپەروەرانە و گونجاوی کار، مافی پێکهێنانی یەکێتی و مافی مانگرتن لە مادەکانی ٦، ٧ و ٨ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا زامن کراون. هەروەها مادەی ٢٢ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ئازادیی ڕێکخراوەیی، لەوانە ڕێکخراوە کرێکارییەکان، بە ڕەسمی دەناسێت. بۆیە، ئەمنیکردنی داواکارییە کرێکارییەکان، سەرکوتی ناڕەزایەتییە پیشەییەکان و ڕەوانەکردنی چالاکانی کرێکاری بۆ ناوەندە ئەمنییەکان و دادگاكانی شۆڕش، پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێرانە.
ستانداردە بنەڕەتییەکانی ڕێکخراوی جیهانیی کار (ILO) لەم بوارەدا ڕوونن. ڕاگەیەندراوی ١٩٩٨ی ڕێکخراوی جیهانیی کار، کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەموار کراوەتەوە، ئازادیی ڕێکخراوەیی و ناسینی کاریگەری مافی وتووێژی بەکۆمەڵ، بنبڕکردنی کاری زۆرەملێ، قەدەغەکردنی کاری منداڵان، قەدەغەکردنی هەڵاواردن لە کار و مافی بەهرەمەندبوون لە ژینگەیەکی کاری سەلامەت و تەندروست بە بنەما سەرەکییەکانی کار دەزانێت. ئەم بنەمایانە لە ڕێککەوتننامە بنەڕەتییەکانی ڕێکخراوی جیهانیی کاردا ڕەنگیان داوەتەوە، لەوانە ڕێککەوتننامەی ژمارە ٨٧ سەبارەت بە ئازادیی ڕێکخراوەیی، ڕێککەوتننامەی ژمارە ٩٨ سەبارەت بە مافی خۆڕێکخستن و وتووێژی بەکۆمەڵ، ڕێککەوتننامەکانی ژمارە ٢٩ و ١٠٥ سەبارەت بە کاری زۆرەملێ، ڕێککەوتننامەکانی ژمارە ١٠٠ و ١١١ سەبارەت بە یەکسانیی دەستمەز و قەدەغەی هەڵاواردن، ڕێککەوتننامەکانی ژمارە ١٣٨ و ١٨٢ سەبارەت بە قەدەغەی کاری منداڵ، و ڕێککەوتننامەکانی ژمارە ١٥٥ و ١٨٧ سەبارەت بە سەلامەتی و تەندروستیی پیشەیی.
کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بە بیانووی پەسەند نەکردنی هەندێک لەم ڕێککەوتننامانە، لە بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە بنەما بنەڕەتییەکانی کار ڕابکات. ئەندامبوون لە ڕێکخراوی جیهانیی کار، دەوڵەتەکان پابەند دەکات بە ڕێزگرتن لەم بنەمایانە. کەچی، ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی لە کرداردا لەسەر بنەمای نکوڵیکردن لەم ئەسڵانە داڕێژراوە: ڕێکخراوی سەربەخۆ تەحەممۇل ناکرێت، مانگرتن وەک تاوان دەبینرێت، کرێکارانی ناڕازی ڕووبەڕووی تۆمەتی ئەمنی دەبنەوە و دادگاکانی شۆڕش لە جیاتی داکۆکیکردن لە ماف، بوونەتە ئامرازی سەرکوتی داواکارییە پیشەییەکان.
ئەم سەرکوتە سیستماتیکە ئێستا لە ناو جەرگەی شەڕ، ئاگربەستێکی لەرزۆک و قەیرانێکی قووڵی ئابووریدا زیاتر بووە. دابەزینی توندی هێزی کڕین، هەرەس هێنانی بەهای دەستمەز، داخران یان کەمبوونەوەی چالاکیی یەکە بەرهەمهێنەرەکان، دەرکردنی هێزی کار، مۆڵەتی زۆرەملێ یان بێ مووچە، زیادبوونی بێکاری و نەبوونی پاڵپشتیی کاریگەری بیمە، مافی کارکردنی لە مافێکی بنەڕەتییەوە بۆ ئیمتیازێکی لەرزۆک و لێسەندراوە گۆڕیوە. لە بارودۆخێکی وەهادا، کرێکاران یەکەم قوربانیی شەڕ، گەندەڵی، خراپ بەڕێوەبردن و گۆشەگیریی سیاسین.
قەیرانی مافی کار لە ئێران تەنیا کرێکارانی ڕەسمی یان ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە گرێبەستیان هەیە. کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانی، بەتایبەت ئەو کرێکارانەی کە بەڵگەی نیشتەجێبوونیان نییە، لە یەکێک لە بێدەرەتانترین پێگە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکاندان و عەمەلییەن لە بەشێکی گەورەی پاڵپشتییەکانی کار، بیمە، مووچە و دادوەری بێبەشن.
سووتەمەنیبەرانی بەلووچ و کۆڵبەرانی کوردیش، سەرەڕای ئەوەی بژێوی ڕۆژانەی خۆیان و خێزانەکانیان بەستراوەتەوە بە کارێکی سەخت، پڕمەترسی و زۆربەی کات کوشندە، لە چوارچێوەی ڕەسمیی پاڵپشتییەکانی کرێکاریدا ناناسرێن. ئەوان نە خاوەنی ئەمنییەتی پیشەیین، نە بیمە و پاڵپشتیی کۆمەڵایەتیی کاریگەر، و لە زۆر حاڵەتیشدا تەنانەت ئەو کەمترین ناسینە یاساییەشیان نییە کە یاسا ناوخۆییەکان بۆ “کرێکار” دیارییان کردووە. ئەم سڕینەوە یاساییە، ئەوانی خستووەتە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزە حکوومییەکان، مەرگ لە ڕێگا سنوورییەکان، چەوسانەوە، هەژاری و بێپەنایی ڕەها.
هانا بە توندترین شێوە، سیاسەتی ڕێکخراوی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتی کرێکاران، ئەمنیکردنی داواکارییە پیشەییەکان، بێبەشکردنی کرێکاران لە ڕێکخراوی سەربەخۆ و بێباکی پێکهاتەیی بەرامبەر بە قەیرانی بژێوی و کار مەحکووم دەکات. حکوومەتی ئێران بەرپرسی ڕاستەوخۆی ئەو دۆخەیە کە تێیدا کرێکار هەم لە هەژاری ئازار دەچێژێت، هەم لە شەڕ، هەم لە بازاڕی کاری ناسەقامگیر و هەم لە دەزگای ئەمنی.
هانا جەخت دەکاتەوە کە مافی کارکردن بەبێ ئازادیی ڕێکخراوەیی، دەستمەزی دادپەروەرانە، ئەمنییەتی پیشەیی، سەلامەتیی ژینگەی کار، بیمەی بێکاری و دەرفەتی ناڕەزایەتیی بەکۆمەڵ، مانایەکی ڕاستەقینەی نییە. تا ئەو کاتەی کرێکاران نەتوانن ئازادانە خۆیان ڕێک بخەن، مان بگرن، نوێنەری سەربەخۆیان هەبێت و بەبێ ترس لە دەستبەسەرکردن، دەرکردن و دۆسیەی ئەمنی داوای مافەکانیان بکەن، هەر بانگەشەیەکی حکوومەت سەبارەت بە پاراستنی کرێکار تەنیا پرۆپاگەندەی سیاسی دەبێت.
لە یەکی مانگی مەیدا، هانا هاوپشتیی خۆی لەگەڵ کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، پەرستاران، کرێکارانی ناڕەسمی، کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانی، سووتەمەنیبەرانی بەلووچ، کۆڵبەرانی کورد، کرێکارانی ژن و هەموو ئەو کەسانە ڕادەگەیەنێت کە لە ژێر گوشاری هەژاری، شەڕ، هەڵاواردن و سەرکوتدا هێشتا بۆ کەرامەتی مرۆیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ڕاوەستاون. قەیرانی کار لە ئێران، قەیرانی تاقمێکی پیشەیی نییە؛ ئەم قەیرانە، قەیرانی ماف، کەرامەت و ئازادیی مرۆڤە لە بەرامبەر حکوومەتێکدا کە تەنانەت سەرەتاییترین داواکارییە کرێکارییەکانیش تەحەممۇل ناکات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
ژنێڤ – یەکی مانگی مەی ٢٠٢٦
