ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە دۆخی مرۆیی و ئەمنییەتی شارەکانی کوردستان ڕاپۆرتی تایبەت بە شاری بۆکان

ڕاپۆرتی تایبەت بە بۆکان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە درێژەی بەدواداچوونی مەیدانی بۆ بارودۆخی شارەکانی کوردستان، دوایین زانیاریی کۆکراوە لە سەرچاوە ناوخۆییەکان سەبارەت بە بارودۆخی مرۆیی و ئەمنی شاری بۆکان بڵاو دەکاتەوە.

ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی بۆکان بە بەراورد بە شارەکانی دیکەی ناوچەکە ئاماژە بە کەشێکی جیاواز دەکەن. سەرچاوه خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن که له گفتوگۆی ڕۆژانەدا تێڕوانینێکی ئیجابی بەرامبەر هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر ناوەنده حکومییەکان پێکهاتووه هاوڵاتییان ئەو پێشهاتانه وەک نیشانەی لاوازبوونی پێکهاتەی دەسەڵات و گوشاری بێوێنه له سەری دەزانن. لە نێوان بەشێک لە بیروڕای گشتیدا ئەو باوەڕە بەهێزتر بووە کە حکومەت بە تێپەڕاندنی توانای پێشووی چووەتە قۆناغێکی قەیراناویەوە.

لە بواری ئابووریدا چالاکییەکانی بازاڕ خاوبوونەوەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و بەشێکی زۆری مامەڵە ناپێویستەکان وەستاون. زۆرێک لە هاووڵاتیان خۆیان لە کڕینی ناپێویست بەدوور دەگرن و سەرنجی کڕین زیاتر لەسەر دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانە. سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە لەم نێوەندەدا کڕین و فرۆشتنی زێڕ و ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی هێشتا بەردەوامە و ژمارەیەک هاووڵاتی بەشێک لە سەروەت و سامانە نەختینەکانیان لە بانکەکان دەکێشنەوە و بە دۆلار یان زێڕ دەیگۆڕنەوە.
لە هەمان کاتدا بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەتاییەکان فشارێکی زیاتری خستۆتە سەر خێزانەکان. بەگوێرەی داتا ناوخۆییەکان، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی زۆرێک لە کەلوپەلی سەرەکی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، نرخی خۆراک و کەلوپەلی بەکاربەر لە هەندێک حاڵەتدا دوو هێندە زیادیکردووە، ئەمەش توانای کڕینی ماڵانی زیاتر کەمکردووەتەوە.
لە بەشێکی شار لە نزیک ناوەندە حکومییەکان، ژمارەیەک خێزان و خاوەن کارەکان ماڵ یان شوێنی کاریان بەجێهێشتووە و چوونەتە خانەباخەکان یان ناوچەکانی دەرەوەی شار.

هەروەها زۆرینەی شوێنە بازرگانییەکانی دەوروبەری ناوەندەکانی سەر بە حکومەت بە داخراویی ماونەتەوە و جموجۆڵی گشتی لەو ناوچانە بە وریاییەوە بەڕێوەدەچێت.
بوونی هێزە ئەمنییەکان و هێزە جلوبەرگ مەدەنیەکان لە شەقام و کۆڵانەکانی شاردا زیادی کردووە و کۆنترۆڵی مەیدانیش لە سەرانسەری شارەکەدا بەردەوامە. بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە لاوازبوونی مۆڕاڵی هێزەکانی حکومەت دەکەن، بەجۆرێک کە سەرچاوەی سەرەکی نیگەرانی لای بەشێک لەو هێزانە ئەگەری گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەیە بۆ ناوچەکە. سەرچاوە خۆجێییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ترس لە ئەگەری جموجۆڵی هێزە کوردییەکان زیاتر لە هەموو فاکتەرێکی دیکە سێبەرێکی خستۆتە سەر کەشوهەوای دەروونی ئەو هێزانەی لەو شارە جێگیرکراون. لەمبارەیەوە هەندێک خاڵی پشکنین لە بەشێک لە شارەکە دانراون و بەشێک لەو هێزانەش ناچاربوون شوێنەکانی پێشوویان بگۆڕن.

دەوترێت بەشێک لە چەکدارانی جاش شوێنی نیشتەجێبوونیان گۆڕیوە یان خۆیان لە دەرکەوتنی گشتی لە شارەکەدا بەدوور دەگرن. هەروەها سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکیان پەیوەندییان بە کەسایەتییە متمانەپێکراوەکانی ناوخۆ کردووە و داوای پشتیوانییان کردووە و پەشیمانییان دەربڕیوە.
بەگوێرەی زانیارییە ناوخۆییەکان، دوای بۆردومانکردنی باڵەخانەی فەرمانداری بوکان، ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی لە شوێنی ڕووداوەکە بوون کوژراون. هەروەها سەرچاوە مەیدانییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەگەری ئەوە هەیە هێشتا ژمارەیەک کەس لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردبێت. هەر لەو ڕووداوەدا سێ هاووڵاتیی سڤیل بە ناوەکانی شایان مام سەلیمی، پەیمان عرفانی و ئەردەڵان پاکدڵ گیانیان لەدەستداوە.
کۆی ئەم پێشهاتانە لەگەڵ بوونی بەربڵاوی هێزە ئەمنییەکان و پاشەکشەی ئابووری و زیادبوونی نیگەرانییەکان لە پێشهاتەکانی داهاتوو، کاریگەرییان لەسەر فەزای گشتی شارەکە هەبووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی فشارەکان لەسەر بژێوی ژیان، چەقبەستوویی چالاکییەکانی ڕۆژانە و فراوانبوونی ئامادەیی ئەمنی لە بوکان، نیگەرانیی خۆی لە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی ئەم دۆخە لەسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی دەردەبڕێت، هانا جەخت لەسەر گرنگیدانی بەپەلەی دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ بۆ بارودۆخی هاووڵاتیانی ئەم شارە دەکاتەوە، هەروەها بەردەوامی بوونی هێزە ئەمنییەکان لە چوارچێوەی شارەکاندا بە هۆکارێکی کاریگەر بۆ چڕکردنەوەی نائەمنی گشتی دەزانێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هانا
١٩ی مارسی ٢٠٢٦

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین