ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە بارودۆخی مرۆیی و ئەمنییەتی لە شارەکانی کوردستان

ڕاپۆرتی تایبەتی مەریوان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لەژێر ڕۆشنایی بارودۆخی ئاڵۆزی شەڕ و داخرانی ئینتەرنێتی سەرتاسەری هەوڵدەدات لە ڕێگەی ڕاپۆرتی ئاسایی و شار بە شار لە ڕێگەی سەرچاوەکانی خۆیەوە زانیاری لەسەر دۆخی شارەکانی کوردستان بخاتەڕوو.

هانا بە دەربڕینی نیگەرانی قووڵ سەبارەت بە پەرەسەندنی کاریگەرییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی دۆخی شەڕ لە شاری مەریوان ڕایدەگەیەنێت کە زانیارییە مەیدانییەکانی کۆکراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئاماژەن بۆ تێکچوونی هاوکاتی بارودۆخی ژیان، زیادبوونی جوڵەی هێزەکانی حکومەت و بڵاوبوونەوەی دڵەڕاوکێی گشتی لە نێو شارۆمەنداندا.

بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی مەیدانی، پەرەسەندنی دۆخی شەڕ لە مەریوان تەنیا بە هەڕەشەی سەربازی سنووردار نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکاندا هەبووە. زۆرێک لە خێزانەکان ڕووبەڕووی کێشەی جددی لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، لەوانە خانووبەرە، چارەسەرکردن، بەدەستهێنانی دەرمان و پاراستنی کەمترین ئاستی ژیان بوونەتەوە.

ئەم دۆخە لە بارودۆخێکدا ڕوویداوە کە شارۆمەندان لە ئێستاوە لەگەڵ فشارە ئابوورییە توندەکان و هەڵاوسان و بێکاری و دابەزینی بەردەوامی توانای کڕیندا ژیانیان بە سەر دەبرد.

هانا هەروەها ڕاپۆرت دەکات کە داخستنی بەشێک لە بازاڕەکە و چۆڵکردنی شوێنە بازرگانییەکانی نزیک ناوەندە سەربازییەکان و گواستنەوەی کاتی بەشێک لە دانیشتوانی شارەکە نیشانەیەکی ڕوونن بۆ بڵاوبوونەوەی نائەمنی و تێکچوونی ژیانی ئاسایی مەدەنی. خەمڵاندنە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتوانی (مەزەندەکراو)ی مەریوان بەشێوەیەکی کاتی شارەکەیان بەجێهێشتووە. لە ناوچەکانی وەک پاساژی سپا و دەوروبەری دوکانەکان بە تەواوی چۆڵ دەکرێن و کاڵاکان بۆ شوێنی سەلامەتتر دەگوازرێنەوە.

هەرچەندە تا ئێستا هیچ کەمییەکی بەرفراوان لە کەلوپەلی سەرەکی ڕاپۆرت نەکراوە، بەڵام بەردەوامی پەککەوتنی گواستنەوە و کەمبوونەوەی هاتنی کەلوپەل و بەرزبوونەوەی خێرای نرخەکان، دەستڕاگەیشتنی ڕاستەقینەی شارۆمەندانی بە پێداویستییە سەرەتاییەکان بەشێوەیەکی جددی تێکداوە. بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خۆراک و بێتوانایی بەشێکی شارۆمەندان بۆ دابینکردنی چاودێری پزیشکی و دەرمان زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی جدییە سەبارەت بە دۆخی ئێستای مرۆیی.

لە لایەکی دیکەوە، داتا مەیدانییەکانی هانا ئاماژەن بۆ فراوانبوونی بوون و گۆڕانی شێوازی جێگیرکردنی هێزە چەکدارەکانی حکومەت لە شارەکەدا. گەڕانی بەردەوامی ئۆتۆمبێلەکانی سەر بە دامودەزگا حکومییەکان، جێگیرکردنی دەورەیی هێزە چەکدارەکان لە گۆڕەپان و چوارڕێیانە سەرەکییەکان، دامەزراندنی خاڵی پشکنینی شەوانە، گواستنەوەی هەندێک هێز بۆ شوێنە مەدەنییەکان لەوانە هۆڵەکانی وەرزش، نەخۆشخانە و باڵەخانە حکومییەکان، هەموو ئەمانە ئاماژە بۆ چڕبوونەوەی کەشوهەوای سەربازی و ئەمنی لە شاری مەریوان دەکەن.

جێگیرکردنی هێزەکانی حکومەت لە ژینگە مەدەنییەکان، هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی چەکی قورس و نیمچە قورس لە ناوچە شارییەکان، مەترسیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی جددی لەسەر ئاسایش و ژیانی شارۆمەندان دروست دەکات و ئاستی لاوازی شارۆمەندانی مەدەنی لە بارودۆخی ململانێدا زیاد دەکات.

لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتیدا کەشوهەوای گشتی شار ڕەنگدانەوەی تێکەڵەیەک لە هیوا و چاوەڕوانی و نیگەرانییە. لە کاتێکدا هەندێک کەس ڕەزامەندی خۆیان لە لاوازبوونی ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی حکومەت دەردەبڕن، بەڵام نیگەرانییەکی قووڵ لەبارەی داهاتووی سیاسی و ئەمنی دوای شەڕەوە هەیە. زۆرێک لە شارۆمەندان ترسیان لەوە هەیە ئەگەر ململانێکان بەبێ گۆڕانکارییەکی ڕوون و بەردەوام کۆتایی پێبێت، شەپۆلێکی نوێی فشارە ئەمنییەکان و گرتن و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ لە دەست پێدەکات.

بە پشتبەستن بە تێبینییە مەیدانییەکانی ئەمڕۆ، بەناو “رێپێوانی ڕۆژی قودس” لە شاری مەریوان بە بەشدارییەکی زۆر سنووردار لەلایەن لایەنگرانی حکوومەتەوە بەڕێوەچووە. ژمارەی بەشداربووان بە کەمتر لە ٥٠ کەس مەزەندە دەکرێت، لە کاتێکدا نزیکەی ٣٠٠ هێزی ئەمنی بەرپرسیار بوون لە پاراستنی گردبوونەوەکە. ئەم ڕێژەیە زیاتر لە هەموو شتێک، ڕەنگدانەوەی بۆشایی ڕوونی نێوان پێکهاتەی ئەمنییەتی حکومەت و بارودۆخی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا لە شاری مەریواندایە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای هۆشداریدان لە بارەی پەرەسەندنی کاریگەرییە مرۆیی و ئەمنییەکانی شەڕ لەسەر خەڵکی سڤیل، داوای سەرنجی خێرای دامەزراوە مافی مرۆییەکان بە دۆخی خەڵکی مەریوان و شارەکانی دیکەی کوردستان دەکات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا

١٤ی مارسی ٢٠٢٦

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین