بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، سێ برا بە ناوەکانی ناسر یادیار، موسا یادیار و حەمزە یادیار، خەڵکی شاری بۆکان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی سەرەڕۆیانە، موسا و حەمزە یادیاریان لە ئاوایی قەرەموساڵی سەر بە شاری بۆکان و ناسر یادیاریان لە ئاوایی داشبەند دەستبەسەر کردووە.
هەروەها پێشتر رەسوڵ یادیار برای ئەم سێ شارۆمەندە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کرابوو. ئەو دوای لێپرسینەوە لە گرتووخانەیەکی ئەمنی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرا.
شایانی باسە، تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ جۆرە زانیاریەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگیرانی ئەم سێ شارۆمەندە لە بەردەستدا نیە.
