بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: لە ڕۆژانی ٢٠ تاوەکوو ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، لانیکەم پێنج شارۆمەندی لاو لەوانە دوو منداڵ و دوو مێرمنداڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری کامێران بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون.
ناسنامەی دەستبەسەرکراوان بەم جۆرەیە کە لە خوارەوە هاتووە:
دانیال نەدیمی تەمەن ١٧ ساڵ، کوڕی سدیق خەڵکی ئاوایی گازرخانی و دانیشتوویی کامێران
ئارتین نەدیمی و ماردین نەدیمی برا دووانە، تەمەن ١٩ ساڵ، منداڵی حاتەم، خەڵکی ئاوایی گازرخانی
ئاراز سەبوری تەمەن ١٦ ساڵ منداڵی مەسعود، خەڵکی ئاوایی گازرخانی
محەمەد ماراوی خەڵکی ئاوایی ماراوی سەر بە شاری کامێران.
تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگیرانی ئەم شارۆمەندانە هیچ زانیاریەک لە بەردەستدا نیە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بارودۆخ و چارەنوسی منداڵەکانیان ئەنجامێکی نەبووە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵ لە ئاست دەستبەسەرکردنی نایاسایی ئەم منداڵ و مێرمنداڵانە، داوای ڕوونکرنەوەی بەپەلەی دامەزراوە بەرپرسیارەکان لە سەر بارودۆخ، شوێنی ڕاگیران و ئازادی بێ مەرجی ئەوان دەکات.
