ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە سەر لە بەیانی یەکشەممە ۱٤ی بەفرانباری ۱٤۰٤، (٤ی ژانویەی ٢٠٢٦) هێزە ئەمنییەکان لە یەک کاتدا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ژمارەیەک شارۆمەند لە شاری سنە و لانیکەم ١٠ شارۆمەندی کوردیان بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کردووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، نزیکەی کاتژمێر ٧ی بەیانی، هێزە ئەمنیەکان بە جلوبەرگی مەدەنی چوونە ناو ماڵی ئەو کەسانە کە ناسنامەکانیان بە شێوەی خوارەوە بۆ هانا پشتڕاست کراوەتەوە و دەستبەسەریان کردوون:
“کەیوانن زەند کەریمی”، “دلیر ئەسکەندەری”، “ئارمان سەلیمی”، “خەڵد سەیف پەناهی”، “جەمال خودارەحمی”، “خەبات ئەسەدی” و “قانع خاتری”.
لە ئەنجامی ئەم دەستبەسەرکردنە سەرەڕۆیانە مۆبایلی ئەم شارۆمەندانە و هاوسەرەکانیان لەگەڵ ئامێرە ئەلیکترۆنییە کەسییەکانی دیکە، بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
دواتر هەر لەم ڕۆژەدا “شاهۆ محەمەدی” و “بەیان فەرەجوڵڵاهی” لەناو بازاڕی سنە دەستبەسەر کراون. هەروەها بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هانا کەوتوون، کەسێکی دیکە بە ناوی “وریا مەوئید” لە کاتی بردنی منداڵەکەی بۆ قوتابخانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.
شایانی باسە، تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵ و شوێنی ڕاگیرانی ئەو شارۆمەندانە لەبەردەستدا نییە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵ سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و دۆخی نادیاری ئەو کەسانە، داواکاری گشتی سنە و بەڕێوەبەری گشتی ئیتلاعاتی پارێزگای سنە بە بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی پاراستنی گیانی ئەم کەسانە دەزانێت.
