بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، پەریا میرزایی و کوڕە ١٥ ساڵانەکەی ئارسام مەولەوی خەڵکی شاری بانە کە پێشتر لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی ناسر مەولەوی چالاکی سیاسی و وەرزشی دەستبەسەر کرابوون، توانیویانە ئێران بەجێبهێڵن و بۆ شوێنێکی پارێزراو بگوازرێنەوە.
ناسر مەولەوی باوکی ئەم بنەماڵەیە کەسایەتییەکی وەرزشی ناسراوی کوردستانە و سەرۆکی دەستەی زۆرانبازی (کوشتی) بانە و ئەندامی دەستەی زۆرانبازی پارێزگای سنە بووە.
خانمی میرزایی و کوڕەکەی لە رێکەوتی ٨ی پوشپەڕی ١٤٠٤، لە لایەن ستادی خەبەری ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر و دوای نزیکەی ١٧ ڕۆژ لە ڕێکەوتی ۲٥ی پوشپەڕ بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران. سەرەڕای ئەوەی دوای ئازادکردنیان لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێری توندی دەزگا ئەمنییەکاندا بوون، دواجار دایک و کوڕەکە توانیان وڵات بەجێبهێڵن و بۆ شوێنێکی پارێزراو بگوازرێنەوە.
