بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ماوەی بیست ڕۆژە ئیسماعیل سەید مەحمودیان شارۆمەندی کوردی خەڵکی شاری شنۆ دەستبەسەر کراوە بەڵام تا ئێستا هیچ زانیاریەک لە سەر چارەنوس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نیە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم شارۆمەندە لە ساتی دەستبەسەرکرانیەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
ئیسماعیل سەید مەحمودیان تەمەن ٤٥ ساڵ کارمەندی جەهاد کشاوەرزی، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤، لە پارکی ساحلی شاری شنۆ و لە بەردەم ئەندامانی بنەماڵەکەی بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی لە شاری ورمێ ڕاگوێزرا.
