بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: شەوی هەینی ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤،(٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥) هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەی سنووری “سارداو”ی سەر بە شاری بانە، بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی هەڵگری کۆڵبەران کردووە کە لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا کۆڵبەرێک بە ناوی “ئیبراهیم پیرانزاد” کوژراوە و کۆڵبەرکیتر بە ناوی شاهۆ(ناوی خێزانی نادیار) بریندار بووە.
هانا زانیویەتی، ئیبراهیم پیرانزاد تەمەن ٣٢ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، خەڵکی ئاوایی “بیلو”ی سەر بە شاری بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکان دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە.
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، تەرمی ئەم کۆڵبەرە بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدین ئەیوبی بانە ژاگوێزراوە بەڵام تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە و کۆڵبەری برینداریش بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزراوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویدا کە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆڵبەرەکانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لە زۆرێک لەم حاڵەتانەدا پاسەوانانی سنوور و هێزەکانی ئینتیزامی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقە دەکەن و هیچ لێپرسینەوەیەکی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەتەوە بۆ ئەو کەیسانە نییە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵ لە بەردەوامیی ئەم کوشتارە سیستماتیکییەی کۆڵبەران، جارێکی دیکە داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕاپۆرتدەرانی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە بەپەلە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەم پێشێلکارییە توندانەی مافی ژیان ئەنجام بدەن، هەروەها حکومەتی کۆماری ئیسلامی ناچار بکەن بە لێپرسینەوە لەم کارە نایاسایی و نامرۆڤانەیە.
