لەگەڵ دەسپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کۆمەڵگەی پزیشکی و کادری دەرمانی ئێرانیش وەک باقی چینەکان، کەوتنە بەر توندوتیژی پلان بۆ دانراوی حکومەت.
پزیشکان و خوێندکارانی پزیشکی کە ئەرکی پێشەییان ڕزگارکردنی ژیان و پاراستنی تەندروستی گشتی بوو، خۆیان ئامانجی ڕاستەوخۆی توندوتیژی حکومەت بوون. بەم پێیە لە سەردەمی بزووتنەوەی ١٤٠١دا ژمارەیەک پزیشک لە ئەنجامی توندوتیژیی حکومەت گیانیان لەدەستدا، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە:
ئایدا روستەمی پزیشکی گشتی لە تاران، بە هۆی دەرمان کردنی بریندارانی ناڕەزایەتیەکان ڕفێندرا و تەرمی ئەشکەنجە دراوی لە یافتاوا دۆزراویەوە.
ئایلار حەقی خوێندکاری پزیشکی لە تەورێز،بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان گیانی لە دەستدا.
پەریسا بەهمەنی پزیشکی نەشتەرگەری گشتی خەڵکی زەنجان، لە جەریانی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربڕینی پزیشکان لە تاران کوژرا.
لە مەهاباد دوکتۆر مەسعود ئەحمەدزادە دوکتۆری ددان و دوکتۆر ئازاد حوسێن پوری ، پزیشکی ناڕازی لە مەودایەکی نزیک لە یەکتر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت گیانیان لە دەستدا.
هێمن ئیبراهیم ڕیگی، خوێندکاری پزیشکی لە زاهیدان، لە خۆپێشاندانەکانی ئەو شارە کوژرا.
جگە لە پزیشکان ژمارەیەکی بەرچاو لە شارۆمەندانی خۆبەخش کە تەنها هەوڵی یارمەتیدانی برینداران یان گەیاندنی دەرمانیان دابوو، دەستبەسەر کران و سزای قورسان بە سەردا سەپێندرا. لەوانەش ڕزگار بەیگزادە بابامیری کە تەنها بە تاوانی گەیاندنی دەرمان بە برینداران دەستبەسەر و سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندرا. کۆماری ئیسلامی تەنانەت یارمەتیدان و گەیاندنی هاوکاری بە برینداران کە بنەمایەک سەرەکی مرۆییە بە تاوان دەزانێت.
ئەمڕۆ ڕۆژی پزیشک بوو و رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە ئەرکی خۆیی دەزانێت یادی بەها مرۆییە بەرزەکانی ئەو پزیشکانە کە تەنها بە هۆکاری گەیاندنی هاوکاری مرۆیی گیانیان لە دەستدا و ئەوانەش کە لە زیندانن بکات.