بە پێی ڕاپۆرتی گەشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی رەحیم ئەحمەدی، خێزاندار، باوکی دوو منداڵ ، خەڵکی بانە، لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ، لە سنووری “زلە”ی ئەم شارە بە سەختی بریندار بووە.
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا؛ هێزە چەکدارەکان بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە و لە ئەنجامی ئەم تەقە کردنە قاچی بە سەختی بریندار بووە و بە مەبەستی وەگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی بانە کراوە.
دیاردەی کۆڵبەری لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی نەبوونی هەلی کار و جیاکاری سیستماتیک لەم ناوچەیە بووەتە کارێکی ڕۆژانە بۆ دەستخستنی بژیوی ژیان ، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژانە لە سنوورەکان هێرش دەکەنە سەر کۆڵبەران و بە تەقەی ڕاستەوخۆ زیانیان پێدەگەینن.
بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکان لە ناوەندی ئاماری هانا، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ١٢ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراو یان بریندار بوون. ئەم ئامارە بە تایبەتی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل جێی نیگەرانیە بەو بۆنەوە کە ڕادەی زیانەکانی کۆڵبەران نزیکەی ٣٠٠ لە سەد زیادی کردووە.