هانا: لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو شارۆمەندی کورد بە ناوەکانی “هیوا ئەمینی و بەهمەن فەیزی” خەڵکی سەقز، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر “موجتەبا غەفاری” بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” بە ١٠ مانگ زیندانی تەعزیری سزا دران.
به پێی بڕیاری دەرچوو، دادگا پێنج مانگ لەو سزایەی بۆ ماوەی دوو ساڵ ڕاگرتووە و پێنج مانگی دیکەی سزاکەی گۆڕیوە بە پێبژاردنی ١٠ ملوێن تمەن جەریمەی نەخدی.
بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، ئەم حوکمە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەم دوو شارۆمەندە ڕاگەیەنراوە و هیوا ئەمینی دەستبەرداری مافی پێداچوونەوە بە بڕیارەکە بووە و بەهمەن فەیزی داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکەی دادگای سەرەتایی کردووە.
ئەم دوو شارۆمەندە کوردە پێشتر لە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەشێوەی خۆسەرانە دەستبەسەر و بۆ لێکۆڵینەوە گوازراونەتەوە بۆ گرتنگەی شەهرامفەری سنە و دواتر بۆ زیندانی سەقز و لە کۆتایدا ڕۆژی پێنجشەممە ۹ی ڕەشەممە ١٤٠٣، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناخەکانی لێپرسینەوە ئازاد کران .