بەردەوامی دەستبەسەر بوون و ڕاگیرانی نایاسایی کلارا و خدر رەسوڵی لە گرتنگەیەکی ئەمنی لە ورمێ

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە : ماوەی ١٣ ڕۆژ بە سەر کاتی دەستبەسەر کرانی خۆسەرانە و توندوتیژانەی خدر رەسوڵی و کچەکەی کلارا رەسوڵی ، خەڵکی مەهاباد ، تێپەڕ دەبێت .

لەگەڵ تێپەڕ بوونی نزیک بە دوو هەفتە ئەم باوک و کچە ، هێشتا لە گرتنگەیەکی ئەمنی لە ورمێ بە شێوەی نایاسایی و بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر ، پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی بنەماڵە ، ڕاگیراون .

بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست هانا کەوتووە ؛ سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پوشپەڕی ١٤٠٤، کاژێر دوازدە و نیو ، هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی توندوتیژی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڕەسوڵی و بە شێوەی خۆسەرانە ئەم دوو شارۆمەندەیان دەستبەسەر کردووە .

هێزە ئەمنییەکان وێڕای شکاندنی دەرگای ماڵەکە ، بە بێڕێزی و سوکایەتیکردن بە ئەندامانی بنەماڵەکە ، شەپۆلێکی ترس و تۆقاندنیان وەڕێخستووە .

بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا ؛ خدر و کلارا رەسوڵی بە پێی تۆمەتی دیاریکراو یا یاسایی دەستبەسەر نەکراون بەڵکوو بە هۆکاری چالاکیە سیاسیەکانی کارۆ ڕەسوڵی کوڕی ئەم بنەماڵەیە دەستبەسەر کراون .

کارۆ ڕەسوڵی چالاکی سیاسی دانیشتوویی دەرەوەی وڵات و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانە .

خدر ڕەسوڵی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگ ، دەستبەسەر و هەڕەشەی لێکراوە و پێشینەی سزادانی پێنج ساڵی زیندان و بێبەشی کۆمەڵایەتیەکان بە هۆی ئەندامێتی کوڕەکەی لە حزبێکی ئۆپۆزۆسیۆنی هەیە .
هەروەها لە جەریانی ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکانی ژن ، ژیان ، ئازادی هێرشی کرایە سەر و درایە بەر فیشەک و هەڕەشەی ئاگرتێبەردانی لێکرابوو .

خدر رەسوڵی لە مانگەکانی ڕابردوودا دوو جار نەشتەرگەری بۆ دڵی ئەنجامداوە و لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا لە خزمەتگوزاری پزیشکی بێبەش کراوە و ئەمەش گیانی خستووتە بەردەم مەترسیەوە .

لە ڕێکەوتی ٣٠ پوشپەڕی ١٤٠٤، میدیا حکومیەکان بەبێ ئاماژەدانی ڕاستەوخۆ بە ناوی ئەو ڕایانگەیاند ، کە بە زوویی دانپێدانانی تەلەفیزیۆنی پەیوەست بە باوکی کارۆ ڕەسوڵی بڵاو دەکرێتەوە .

لەم ڕاپۆرتەدا ئەو بە “کۆکردنەوەی زانیاری سەربازی و ناردنی بۆ کوڕەکەی لە پێناو پارەدا” تۆمەتبار کراوە ، تۆمەتێک کە بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان هیچ بەڵگەنامەیەکی لە سەر نیە و ئاکامی گوشار ، ئەشکەنجە و هەڕەشە دەرونیەکان لە گرتنگەیە .
ئەم کارە ، نمونەی دەستبەسەر کردنی خۆسەرانە ، سزادانی بە کۆمەڵ و پێشێلکاری مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین