بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە هانا گەیشتووە : ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی پوشپەڕی ١٤٠٤، دوو چالاکی مەدەنی کورد بە ناوەکانی “حکمەت سەعیدی و ئارمین خودامورادی” خەڵکی سنە ، لە ناڕەزایەتی بەرامبەر نادیاری دۆخی یاسایی و زەوت کرانی سەرجەم مافە سەرەتاییەکانی تۆمەتبارێک ، دوای دوو مانگ دەستبەسەر بوونی نایاسایی مانیان لە خواردن گرتووە .
ئەم دوو چالاکە مەدەنیە ڕۆژی هەینی ٢٦ی گولانی ئەمساڵ ، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان و بە شێوەی خۆسەرانە و بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەر کران و بۆ گرتنگەی ئەمنی ئیدارەی گشتی ئیتڵاعاتی سنە ڕاگوێزران و دوای ٤٥ ڕۆژ بۆ زیندانی قوروە گواستراونەتەوە .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بە نسبەت بارودۆخی تەندروستی ئەم دوو کەسە داواکاری ناوەندی پارێزگای سنە و بەرپرسی گشتی ئیتڵاعاتی پارێزگاکە بە بەرپرسی سەرەکی لە ئاست سەلامەتی و تەندروستی ئەوان دەزانێت .
هانا پشتڕاستی دەکاتەوە کە گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە لە بەدنێوترین گرتنگە ئەمنیەکانی وڵاتە کە هێزە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانان لە تۆمەتبارانی سیاسی و عەقیدەتی کەڵک لە ئەشکەنجە و هەموو جۆرە هەڵسوکەوتێکی نامرۆڤانە و زەلیکەرانە لە دژی تۆمەتباران وەردەگرن . ئەم گرتنگەیە لە ساڵی ١٣٦٢ەوە شوێنی ڕاگیرانی تۆمەتبارانی سیاسی بووە و سەرەڕای کوشتن و ئەشکەنجەی ژمارەیەکی بەرچاو لە تۆمەتبارانی سیاسی لەم گرتنگەیە ، تا ئێستا هیچ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی سەربەخۆ ، پشکنین و سەردانی نەکردووە .