بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : هیوا بەهین کە پێشتر حوکمی ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو و لە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ەوە حوکمەکەی لە بەندیخانەی بوکان بەسەر دەبرد ، لەناکاو بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دیاریکراو بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازراوەتەوە .
بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسیە ڕایانگەیاندووە کە دە ڕۆژ لەمەوبەر ئەویان بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزاوە .
هیوا بەهین لە پەیوەندیەکی کورتی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی وتووە کە بە مەبەستی لێپرسینەوە ئەویان بۆ بەندیخانەی ورمێ گواستووەتەوە .ئەم ڕاگوێزانە لە ناکاوە ، نیگەرانی لە سەر ئەگەری دروست کرانی دۆسیەی نوێ و وەپاڵدانی تۆمەتی تازە لە دژی ، دروست کردووە .
شایانی باسە ، هیوا بەهین پێشتر لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری دووی بۆکان بە سەرۆکایەتی قازی “فەخری” بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران” بە ٦ مانگ سزا درابوو و سزاکە ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٣، بە فەرمی بەم شارۆمەندە ڕاگەینرابوو .