بە پێی زانیاریەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : بارودۆخی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ لە ڕووی نەپاراستنی مافی بەندکراوان ، نەبوونی پێداویستی تەندروستی و مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ بەندکراوان لە پێش هەموو بەندیخانەکانی ئێرانە ، پێشتریش هانا چەندین ڕاپۆرتی لە سەر بارودۆخی خراپی ئەم بەندیخانەیە بڵاو کردووەتەوە .
بە گوێرەی ئەم زانیاریانە ، دۆخی تەندروستی ئەم بەندیخانەیە حەمام و تەوالێتەکان لە ناو کۆمەڵێک ژوری زۆر بچوک داندراون و قاپەکانی خۆراک لە ناو ئەو ئاودەستانەدا دەشۆردرێت جگە لەوەش نەبوونی سیستەمەکانی هەواگۆڕکێ و ساردکەرەوە بە تایبەتی لە وەرزی گەرمادا بووەتە هۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆس و نەخۆشی جۆراجۆر لە نێو بەندکراواندا لەگەڵ ئەوەش بە دەگمەن نەخۆشەکان دەگوازرێنەوە بۆ ناوەندەکانی تەندرووستی و خزمەتگوزاری دەرمانی و پزیشکی لە ئاستێکی زۆر نزمدایە .
گوشارە ئەمنییەکان لە بەندی بەندکراوە سیاسیەکان زۆر توندە لە سەر هەر تەختێکی نوستن کامێرا دانراوە و ڕاگوێزانی بەندکراوانی نەخۆش بۆ نەخۆشخانە بە کەلەپچە کردنی قاچەکان و دەستەکان ئەنجام دەدرێت .
بە وتەی سەرچاوەکانی هانا ؛ گەندەڵی بەربڵاو و خراپ بە کار هێنانی پلە و پۆست لە بەندیخانەی ورمێ تەنیا کاریگەری لە سەر بەندکراوان نیە بەڵکوو بنەماڵەی بەندکراوانیش دەگرێتەوە لە چەندین حاڵەتدا بەرپرسانی بەندیخانە لە بواری جنسی و سێکسیەوە هاوسەری بەندکراوانیان هەراسان کردووە و ئازاریان پێگەیاندوون .
بەرپرسی بەندیخانە “پەیمان خانزادە” جێگرەکانی کەریم زادە و ئازەریون و دادوەری چاوەدێری بەندیخانە “ئەمیر جەوان” ڕاستەوخۆ لەم گەندەڵیانەدا و لە هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە و توندتیژی گاردی تایبەتی بەندیخانە بەرامبەر بەندکراوان بەشدارن .
قاچاخچیەتی مادەهۆشبەرەکان لە لایەن کارمەندانی پشکنینەوە بۆ نێو بەندیخانە ئەنجام دەدرێت کە یەکێکیان بە ناوی شێرزاد کارمەندی پشکنینی قفڵی یەکەم لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە کاتی بردنە ژوورەوەی بڕی ٣٠٠ گرەم مادەی هۆشبەر لە جۆری شیشە لە لایەن هێزە تایبەتەکانی ناوەندەوە دەستبەسەر کراوە ، ئەم قاچاخچیانە هەر گرەمێک مادەی هۆشبەری شیشە بە ٦ ملوێن تمەن و هەر مۆبایلێکیش لە نێوان ١٥٠ تا ٢٠٠ ملوێن تمەن دەفرۆشن .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە سەر ئەم بارودۆخە خراپ و نامرۆڤانەیەی بەندیخانەی ورمێ ، داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەربەخۆ لە دۆخی بەندکراوان و بە تایبەتی بەشی بەندکراوانی سیاسی دەکات .