سالار وەکیلی چالاکی مەدەنی و سیاسی کورد لە تورکیا لە دۆخێکی خراپدایە .
سالار وەکیلی ، خەڵکی سەقز ، لە ساڵی ٢٠١٦ بە هۆی چالاکیە سیاسی و مەدەنیەکانی بە ناچار ئێرانی بە جێهێشت و پەنای برد بۆ وڵاتی تورکیا ، دوای گەیشتی بۆ ئەو وڵاتە چالاکیەکانی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران درێژە پێدا و توانی مافی مانەوەی کاتی (ئیقامە) وەربگرێت .
بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ ، لەگەڵ گۆڕانی سیاسەتەکانی تورکیا لە ئاست پەناخوازان دۆخی ئەو و زۆربەی پەنابەرانیتر خراپ بوو . رێکخراوی (یو ئێن) لە تورکیا سەرجەم دەسەڵاتەکانی پەیوەست بە پەنابەرانی بە پۆلیسی تورکیا سپارد و دۆسیە و ئیقامەی زۆرێک لە پەناخوازانی هەڵوەشاندەوە .
ئیدارەی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا سێ جار لە سەر یەک داواکاری پەناخوازی سالار وەکیلی رەت کردووەتەوە . ئێستا ئەو سێ مانگە بێ هیچ جۆرە ناسنامە و بەڵگەیەکی کەسی بە شێوەی شاراوە لە تورکیا ژیان بە سەر دەبات و ئەم دۆخەش بووەتە هۆی ئەوەیکە نەتوانێت کار بکات و لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بەهرەمەند بێت .
جگە لەمەش کچە تەمەن ١٨ ساڵانەکەی ئەو بە هۆی ئەم دۆخە نالەبارەوە توشی خەمۆکی بووە و لە بواری ڕۆحی و دەرونیەوە لە دۆخی زۆر خراپدایە .
سالار وەکیلی داوای هاوکاری بەپەلە لە سەرجەم دامودەزگا مافی مرۆڤیەکان ، نەتەوەیەکگرتووەکان ، رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەکات . ئەو خوازیاری ڕاگوێزانی بۆ وڵاتێکی پارێزراوە تا بتوانن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ئاسایش و ئارامیدا درێژە بە ژیانیان بدەن .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات ڕێوشوێنی خێرا بگرنەبەر بۆ ڕزگارکردنی ئەو پەناخوازانەی کە لە دۆخێکی سەختدان و مەترسی دیپۆرتکردنەوەیان لە سەرە .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
هەینی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣