10 مانگ بە سەر شاردنەوەی بەئانقەست و نادیاری چارەنووسی شارۆمەندێک تێپەڕ دەبێت

لە رێکەوتی “٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢” شارۆمەندێکی کورد بە ناوی “پژمان سوڵتانی” تەمەن ٣٠ ساڵ خێزاندار و خەڵکی بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بەبێ پێدانی بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کرابوو ئێستا شاردنەوەی بە ئانقەست و نادیاری چارەنووسی ئەم شارۆمەندە چووتە نێو دەیەمین مانگیدا و بنەماڵەی ئەم شارۆمەندە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام هیچ جۆرە زانیاریەکیان لە دۆخی دەست نەکەوتووە . 

 
سەرچاوەیکی ئاگادار لە گفتوگۆ لەگەڵ هانا رایگەیاند ؛ پژمان سوڵتانی پاش دەستبەسەر کران بۆ لێپرسینەوە گواسراوەتەوە بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکان و ماوەی شەش ڕۆژ  ئەشکەنجە دراوە و بەو هۆیەوە سێ قامکی دەستی شکاوە و پاش ٤٢ ڕۆژ بێ ئەوەیکە شکاوی و برینەکانی بۆ چارەسەر بکرێت لە ژووری تاکەکەسی ڕایانگرتووە .
هەروەها سەرچاوەکە لە درێژەدا رایگەیاند ، ناوبراو پاش شەش مانگ لە گرتنگەی ئیتڵاعاتی بۆکانەوە بۆ زیندانی ورمێ گواسراوەتەوە .
پژمان سوڵتانی لە مافی وەرگرتنی پارێزەر ، بینینی بنەماڵەکەی و سەرجەم مافەکانی بێبەش کراوە .

بەپێی بەندی ٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ " هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ". 
هەروەها لە بەندی ١٠ی ئەم جاڕنامەیەدا هاتووە: " هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لەوپەڕی بەرابەریدا لەگەڵ کەسانی دیکەدا لە دادگایەکی سەربەخۆ، بێ لایەن، دادپەروەر و ئاشکرادا بە کیشە و سکاڵاکەی رابگەن و دەبێ دادگایەکی لەم جۆرە لە بارەی ماف و پێویستییەکانی ئەو یا هەر تاوانێک کە دراوەتە پاڵی یان پێی تاوانبارە، بڕیار بدا". 
هەروەها بەپێی پەسندکراوەکانی کۆنوانسیۆنی نەهێشتنی ئەشکەنجە، ئەنجامدانی هەر کردەوەیەک بە ئەنقەست کە ببێتە هۆی ئێش و ئازار و زیان بە لەش و دەروون و بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری یا دانپێدانانی زۆرەملی کەسی قوربانی یا کەسوکار و دۆستانی بەڕێوەبچێ بە ئەشکەنجە هەژمار دەکرێ و هەر جۆرە ئێعتڕاف و دانپێدانانێک لە دۆخێکی لەم چەشنەدا بێ بنەمایە و بایەخی نییە. 

RELATED ARTICLES

Most Popular