هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سنەوە، رۆژی پێنجشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠١-(٢٦ی مەی ٢٠٢٢)، “حەراست”ی شارەوانی سنە کرێکارانی شارەوانی کۆکردووەتەوە و باتوم و شۆکێر و جلی تایبەتی پێ دوان و داوای لێ کردوون لە ئەگەری بەرینبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان و هاتنە مەیدانی خەڵک لە سنە، دەبێ بە توندی بەرەوڕووی خەڵک بنەوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، کۆبوونەوەکە لە شارەوانی ناوەندیی سنە لە شەقامی شاپوور بووە و بەشێک لە کرێکاران بە نیشانەی ناڕەزایەتی کۆبوونەوەکەیان جێهێشتووە و لە حەوشەی شارەوانیش چوونەدەر.
لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە، رۆژی دواتر شارەوانی ئەو کرێکارە ناڕازییانەی دەرکردووە و پێی راگەیاندوون هەر کات جل و باتوم و شۆکێریان وەرگرت ئەوا دەتوانن درێژە بە کار بدەن و پووڵ وەرگرن. پاشان کرێکارەکان بە ناچار ملیان بەم کارە زۆرەملییە داوە و جل و باتوم و شۆکێریان وەرگرتووە و درێژەیان بە کاری خۆیان داوە.
ئەم حوکمەی بەرپرسانی حکومەت پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و حکومەت نابێ لە بەرامبەر کار و هەقدەستدا کەڕامەتی ئینسانی کرێکاران بشکێنێ و ناچاریان بکا بە کارێک کە جێ رەزامەندی خۆیان نییە و بییانکاتە هێزی میلیشیای سەرکوتگەر بۆ سەرکوت و داپەڵۆسینی هاوچارەنووس و خەڵکی ناڕازی. بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر لە خوارەوە بەندی ٢٣ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ وەک خۆی دادەنێین:
خاڵی یەکەم: هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە کار بکا، کاری خۆی ئازادانە هەڵبژێرێ، خوازیاری هەلومەرجێکی دادپەروەرانە و جێگای رەزامەندی خۆی بۆ کار کردن بێ و لە بەرامبەر بێکاریشدا پشتیوانی لێ بکرێ.
خاڵی دوویەم: هەمووان مافی ئەوەیان هەیە بە بێ هەر جۆرە جیاوازی و هەڵاواردنێک، لە بەرامبەر کاری یەکساندا هەقدەستی یەکسان وەرگرن.
خاڵی سێیەم: هەر کەسێک کار دەکا مافی خۆیەتی هەقدەستێکی گونجاوی لە بەرامبەردا وەرگرێ کە کەڕامەتی ئینسانییەکەی بپارێزێ و جێگای رەزامەندی خۆی بێ و ژیان و بەڕێچوونی خۆی و بنەماڵەکەی دابین بکا و ئەگەریش پێویست بکا (واتە بەشی نەکردن) بە باقی شێوەکانی مافی کۆمەڵایەتی بۆی پڕ یا قەرەبوو بکرێتەوە.
خاڵی چوارەم: هەر کەسێک مافی خۆیەتی بۆ پاراستنی مافەکانی، سەندیکا دامەزرێنێ یا ببێتە ئەندامی سەندیکای دیکە.
