هانا: کاتژمێر نزیک ٤ی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ٦ی گوڵانی ١٤٠١ – (٢٦ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، تەقینەوەیەکی گەورە لە مەریوان روویداوە و بووەتە مایەی نیگەران بوونی خەڵکی ئەم شارە.
بە دوای ئەم رووداوەدا بەشێک لە سەرچاوەکانی راگەیاندنی نزیک بە حکومەتی ئیسلامی ئیران وتوویانە بوومەلەرزە بووە. بەڵام دوای لێکۆڵینەوەی تیمی راگەیاندنی "رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا" دەرکەوت لەلایەن ناوەندی تۆماری بوومەلەرزی ئێرانەوە هیچ زانیارییەک لەم بارەوە تۆمار نەکراوە و رانەگەیەندراوە.
شایانی باسە پێشتر ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی مانگی نوامبری ساڵی ٢٠١١ لە راپۆرتی خۆیدا رایگەیاندووە: تاقیکردنەوەی تەقینەوەی گەورە لە ئاستی بەریندا لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لە ناوچەی مەریوان بەڕێوەدەچێ، بەڵام نوێنەرانی ئەوکاتی ئێران لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ئەم ئیدیعایەیان رەت کردەوە.
